ژنان داوادەکەن بەڕێژەی ٢٥٪ پشکیان لە حکومەتدا هەبێت

ژنانی پەرلەمانتار داوادەکەن، کە ژنان بەڕێژەی ٢٥٪ پشکیان لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق-دا هەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتێکیان ئاڕاستەی سێ سەرۆکایەتییەکە کردووە.


لەکۆى ٢٢ وەزارەت لە کابینەى نوێنى حکومەتى عێراقدا، ١٤ وەزارەت وەزیرەکانیان یەکلایی کرایەوە، کە هیچ وەزیرێکی ژنی تێدا نییە، لەناو ئەو هەشت وەزارەتەشی کە ماوەتەوە، تەنیا یەک کاندیدی ژن هەیە، ئەویش وەزیری داد-ە.

سه‌باره‌ت بە هۆکاری کەمیی ژن لە حکومەتی عێراق-دا و ڕۆڵی پەرلەمانتارانی ژن بۆ زیادکردنی ڕێژەی ژنان، ئاره‌زوو مه‌حمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە ڕۆژنیوزی وت:"له‌ حکومه‌تی داهاتووی عێراقدا ڕێژه‌ی ژنان زۆر که‌مه‌،‌ سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاره‌ ژنه‌کان له‌ کوتله‌ سیاسییه‌کان  یاداشتنامه‌یه‌کمان داوه‌ به‌ سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆک کۆمارى عێراق و سه‌رۆکی په‌رله‌مان و تیادا داوامان کردووه‌، کە ژنان پشکیان لە وەزارەتەکان هەبێت و ٢٥٪پۆسته‌کان بدرێت به‌ ژنان، بەڵام تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە.

ئارەزوو، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە برهۆی ئەوەی 12 کاتژمێر پێش پێکهێنانی حکومه‌ت به‌رنامه‌کانی حکومه‌ت گەیشتە دەستیان و ناوی وه‌زیره‌کانیان چووە بەردەست، بۆیه په‌رله‌مانتاران فریای ئه‌وه‌ نه‌که‌وتن، که‌ به‌رنامه‌کان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ حکومه‌ت.

ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، پیشیوایە، کە هۆکاری سه‌ره‌کی نه‌بوونی ژن له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا خودی  فراکسیۆنە سیاسییه‌کانن و  وتى: وه‌زاره‌تەکان‌ به‌پێی ڕێککه‌وتنێکی سیاسیی له‌نێوان فراکسیۆنەکاندا پێکده‌هێنرێت، فراکسیۆنەکان چاویان له‌ ڕێژه‌ی ژنان نه‌بووه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌کاندا،هه‌روه‌ها هۆکارێکی دیکه‌  که‌مته‌رخه‌میی له‌ به‌رنامه‌ی حکومه‌ت و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانە.

ئارەزوو مەحمود، باسی لەوەش کرد، کە له‌سه‌رجه‌م فراکسیۆنه‌کاندا به‌ کورد و تورکمان و عه‌ره‌بیشه‌وه‌ ژنانی به‌توانا هه‌یه‌، که‌ ده‌توانن کاری زۆرباش بکه‌ن، به‌ڵام سه‌رکرده‌ی سه‌رجه‌م حزبه‌ سیاسه‌کان له‌ عێراقدا کاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌وه‌ی که‌ توانای ژنان دەرنەکەوێت.

ئەو پەرلەمانتارە، هەبوونی وەزەرەتێکی تایبەت بە ژنان بە گرنگ دەزانێت، لەکاتێکدا ئەو وەزارەتە لە ڕابردوو هەبوو، لە کابینەی پێشووی حوکمەتی عێراق-دا لابرا و لەناو پەرلەمانیش ناڕەزایی جدیی نیشان نەدرا.

له ‌کۆتایی قسه‌کانیدا ناوبراو، باسی له‌وه‌کرد، کە  په‌رله‌مانتارانى  فراکسیۆنە‌ جیاوازه‌کان تێبینیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌کانی حکومه‌تی نوێی عێراق، سه‌رجه‌م ئه‌و تێبینیانه‌ دراون به‌ سه‌رۆکی حکومه‌تی عێراق،  بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا کاری له‌سه‌ر بکرێت.

جێگای ئاماژەیە بەهۆی ئەوەی لە پەرلەماندا سیستمی کۆتا بۆ ژنان هەیە، لایەنە سیاسییەکان ناچار دەبن کە کە ژنان بەڕێژەی ٢٥٪ بەشدار بکەن لە پەرلەماندا، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەو سیستمە لە حکومەتدا، کەمترین وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیی دەدرێت بە ژنان.

ش.ف