ژنان داوای لابردنی گەمارۆی سەر کامپی مەخمور دەکەن

گەمارۆی سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور ماوەی زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژە بەردەوامە، بۆ هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیە، تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان یاداشتێکیان پێشکەش بە نووسینگەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد.


ئەمڕۆ، تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان یاداشتێکیان سەبارەت بە گەمارۆی سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور، پێشکەش بە نووسینگەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی کرد.

تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان، کە پێکهاتووە لە ١٥ ڕێکخراو، لە بەرواری ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ سەردانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی-یان کردووە لە مەخمور و یاداشتێکیان لە سەر بارودۆخی ژیانی و تەندروستی دانیشتوانی کامپی پەنابەرانی مەخمور ئامادەکردووە و ئەمڕۆ پێشکەش بە نووسینگەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد.

کەوسەر محەمەد، ئەندامی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان لە کۆنگریەکی ڕۆژنامەنووسییدا یاداشتەکەی خوێندەوە، کە تیایدا ئاماژە بە بارودۆخی پەنابەرانی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی کرابوو، وتی: سەرباری ئەوەی کە نیوەی دانیشتوانی کامپەکە منداڵن و پێویستیان بە چاودێریی و خزمەتی زیاترە، بەڵام بارودۆخیان زۆر نالەبارە و ڕێگایان پێنادرێت بۆ دابینکردنی پێداویستی ژیانی و تەندروستییان سەردانی شاری هەولێر و شوێنەکانی دیکە بکەن، ئەمەش ژیانێکی دژواریان بۆ دروست کردووە.

لە بەردەوامیی یاداشتەکەدا هاتبوو: لەناو کامپەکەدا زیاتر لە دوو هەزار کرێکار و ١٠٠ خوێندکاری زانکۆ هەیە، کە ناتوانن هاتووچۆ بکەن، دانیشتوانی کامپەکە ڕاینگەیاندووە کە ناکرێت ببنە قوربانی ململانێ سیاسییەکان و تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ئاستیاندا بێ هەلوێستن.

لە کۆتایی یاداشتەکە داوایان کرد لە حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم ئەندامانی کرد، کە هەموو لایەک بۆ لابردنی ئەم گەمارۆیە و باشکردنی بارودۆخی دانیشتوانی کامپەکە هەڵوێستیان هەبێت.

لە وەڵامدا، بەدریە ئیسماعیل، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ، ڕایگەیاند: ئەم یاداشتە دەگەیەنینە شوێنی مەبەست بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی ئاوارەکانی کامپی مەخمور.

جێگای ئاماژەیە، بەردەوامیدان بە گەمارۆی سەر کامپی مەخمور، کە زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژە بەردەوامە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ٦ کۆرپە و بێکاربوونی ٢ هەزار کەس، ئەمە جگە لە کێشەی تەندروستیی و ئابووریی بۆ دانیشتوانی کامپەکە دروست کردووە.

ش.ف