ژنان داوای وەزارەتی داد دەکەن

یەکێک لەو وەزارەتانەی، کە ژنانی 'گروپی باڵانسی جێندەریی کابینەی نۆ'، داوادەکەن ژن جێگای تێدا بگرێت، وەزارەتی دادە و پێیانوایە، دەتوانن باشتر کار بکەن و یاسا جێبەجێ بکەن.


ڕۆژی ٢٩/٤/٢٠١٩ لە هۆڵی هۆتێل چوارچرا لە شاری هەولێر، گروپی (باڵانسی جێندەریی كابینەی نۆ) كە پێكهاتووە لە ژمارەیەك چالاكوانی بواری مافەكانی ژنان و نوێنەری حزبەكان و كەسایەتییە سیاسیی و ئەكادیمییەکان، لە شاری هەولێر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا و داوایان کرد، کە هاوشێوەی پەرلەمان، ژنان بەڕێژەی ٣٠٪ لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان-دا جێگا بگرن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی، کە ڕۆژنیوز لە ژینۆ محەمەد، ئەندامی گروپەکەوە وەریگرتووە، گروپەکە سەردانی پەرلەمانی هەرێم، سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئەنجومەنی باڵای خانمانیان کردووە و بەڵێنیان لێوەرگرتوون، کە کار بۆ پێکهێنانی داخوازییەکەیان بکەن، لە ئێستاشدا لە سلێمانی کۆبوونەوەکانیان بەردەوامیی پێدەدەن و ئەگەریش پێویست بکا جارێکی دیکە چالاکییەکانیان دەبەنەوە هەولێری پایتەخت.

هەروەها، ئەندامانی گروپەکە شاندێک دروست دەکەن و سەرادنی حزبەکان دەکان بۆ جێبەجێکردنی داواکاریکەیان، ژینۆ، نیگەرانیی نیشاندا لەوەی، "حزب لە باشور نایەوێت ژن لە پێگەی بڕیارداندا بێت" بۆیە وەک ئەو باسیکرد، دەبێت ژنان خۆیان هەنگاو هەڵبێنن و پشتگیریی یەکتر بکەن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای حزبیی.

گروپەکە بە گرنگیی دەزانێت، ئەوژنانەی لە حکومەتدا بەشدارییان پێدەکرێت، کەسانی چالاک بن و بە ڕەنگ و ڕۆڵی ژن بەشدار بن.

گروپی باڵانسی جێندەریی، تایبەت داوا دەکەن لە دەسەڵاتی دادوەرییدا جێگا بگرن، چونکە وەک ژینۆ محەمەد باسی کرد، کۆمەڵێکی دادوەری باشی ژن هەن، کە هەندێکیان لەبەرئەوەی ڕێگایان پێنادرێت لە بوارەکەی خۆیاندا کار بکەن، یانیش ڕۆڵ بگێڕن و یاسا بچەسپێنن، وازیان لە کارەکەیان هێناوە، باوەڕیشیوایە، کە ئەگەر ژنان ئەو پۆستانە وەربگرن، دەتوانن کاریگەرییان هەبێت و ئەم سیستمە بگۆڕن.

ژنیۆ محەمەد، جەختیکردەوە، کە لە ئەگەری جێبەجێنەکردن داواکارییەکەیاندا، هەڵوێستی دیکەیان دەبێت.

لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا، باسی لەوە کرد، کە لە داهاتوودا لەگەڵ ژنانی ڕۆژئاوا پەیەوەندیی دروست دەکەن، تا سوود لە ئەزموونەکانیان وەربگرن و سیستمی هاوسەرۆکایەتیی لە پارچەکانی دیکەوە بگوازنەوە بۆ باشور.

ش.ف