ژنان داوا دەكەن لە كابینەی نۆێ و سەرجەم دامەزراوەکاندا بەشدارییان 30٪ كەمتر نەبێت

ژمارەیەك چالاكوانی بواری مافەكانی ژنان، کە پێکهاتوون لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان و كەسایەتییە ئەكادیمییەکان، داوا دەكەن لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مەکتەبی سیاسیی حزبەکان و تەواویی دامەزراوەکانی حکومەت، باڵانسی جێندەری ڕەچاو بكرێت و ژنانیش بەشداربن لە كایە سیاسییەكاندا، بە شێوازێک ٣٠٪ کەمترنەبێت.


ئەمڕۆ لە هۆڵی هۆتێل چوارچرا لە شاری هەولێر، گروپی (باڵانسی جێندەری كابینەی نۆ) كە پێكهاتووە لە ژمارەیەك چالاكوانی بواری مافەكانی ژنان و نوێنەری حزبەكان و كەسایەتییە سیاسیی و ئەكادیمییەکان، ڕاگەیەندراوێك خوێندراوە، كە تێیدا داواکاریی و پێشنیارەکانی خۆیان بۆ ڕەچاوكردنی بەشداریپێكردنی ڕێژەیەكی بەرچاو لە ژنان لەناو دامەزراوەکانی حکومەت و حیزب كوردستان خستەڕوو.

 تانیە تەلعەت، بە نێونەرایەتی گروپی 'باڵانسی جێندەری كابینەی نۆ' لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا، ڕایگەیاند: ئێمە وەكو ژنان ئامانجمانە ژنان بەشداری كارایان پێبكرێت لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە لیرەوە داواكاریەكانمان دەخینە ڕوو، كە ئەمڕۆش ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانمان كردووە.

لە ناوەڕۆکی داواکانیاندا، داوایان کردووە، کە بۆ ژنان ڕێژەی ٣٠٪ کەمترنەبێت، لە تەواویی جومگەکانی حکومەتی هەرێم، سەرۆکایەتی هەرێم، حزبەکان و ئەنجمومەنی دادوەری، هەروەها هەڵبژاردنی كاندیدەكانی ژنان بە شێوەیەك بێت، كە توانا و لێهاتوویی و شارەزایی و ئەزموونی  ببێتە پێوەر.

س.ح