ژنان داوا دەکەن خاوەنداری لە هاوڵاتیانی کامپی مەخمور بکرێت

ژنانی چالاکوان نیگەرانن لە گەمارۆکانی سەر کامپی مەخمور، ئەوان داوا دەکەن، کە هاوڵاتیان، حزبە سیاسییەکان، ڕێخراوەکان و پەرلەمانتاران هەڵوێستیان هەبێت، دەشڵێن: دەبێت گەلی باشور خاوەنداری لە هاوڵاتیانی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی بکات.


ئەمڕۆ ٧١ ڕۆژە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم لە سنووری پارێزگای هەولێر، گه‌مارۆیان خستووه‌ته‌ سه‌ر دانیشتوانی كا‌مپی شه‌هید ڕۆسته‌م جودی له ‌مه‌خمور، هەرچەندە دایکانی کامپەکە نزیکەی مانگێکە چالاکییان لەبەردەم بازگەی ئاسایشی پارتیدا لە نێوان مەخمور - هەولێر دەستپێکردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ئەرێنییان وەرنەگرتووە و بەڵکو رێگری دەکرێت خواردن و پێداویستیش بۆ دایکان ببرێت.

گەمارۆی سەر کامپی مەخمور تا ئێستا حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی نەهێناوەتە سەرخەت و بێدەنگییان هەڵبژاردووە، ئەمەش نیگەرانیی هاوڵاتیانی باشوری کورستان لێکەوتووەتەوە، لەم چوارچێوەیەدا ژنانی سنووری گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

نیگار عومه‌ر ئه‌ندامی ڕێكخراوی هاوكاری ئه‌ڵمانی، دەڵێت: ئه‌وه‌ی پارتی دژ به ئاواره‌كانی كا‌مپی مه‌خمور دهی‌كات پێشێلكارییه‌كی گه‌وره‌ی مافی مرۆڤه‌ و پێویسته‌ چیتر له‌وه‌ زیاتر ڕێگا نه‌درێت مرۆڤه‌كانی ناو كا‌مپه‌كه‌ ژیانیان زه‌حمه‌ت بكرێت، ئه‌ركی ڕێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به‌ مافی مرۆڤ و نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌ یه‌كگرتووه‌كانە فشاری ڕاستەوخۆ لە پارتی بکەن.

هەروەها نه‌رمین عوسمان به‌رپرسی لقی گه‌رمیانی كۆمه‌ڵه‌ی ئافره‌تانی كوردستان، وێڕای ئیدانەکردنی گەمارۆکە، وەها دووا: به‌هۆی ئه‌و گەمارۆیەوە ژیانی دانیشتوانی کامپەکە بە ‌گشتی و ژنان و منداڵان به‌تایبه‌تی له‌ دۆخێكی خراپدایه‌، ئه‌ركی سه‌رجه‌م ڕێكخراوه‌كانی ژنان و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كانه ‌و فشار دروست بكه‌ن لەسه‌ر پارتی تا ئه‌و ئابڵویه‌ لابدات و كۆتایی پێ بهێنێت.

نەرمین، وتیشی: به‌داخه‌وه‌ ناكرێت بۆ ڕازیکردنی دڵی نه‌یاران هاونیشتیمانیانی كورد له‌ پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانن ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ بدرێن.

لەسەر هەمان بابەت، له‌یلا ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی ڕێكخراوی وادی ئه‌ڵمانی له‌ گه‌رمیان، وتی: ئەو گەمارۆیە دوورە لەهەموو بەها مرۆییەکان، نابێت خه‌ڵكی كوردستان له‌م گه‌مارۆدانه‌ بێده‌نگ بن، چونكه‌ ئه‌وان ده‌یان ساڵه‌ به‌هه‌وڵ و تێكوشانی خۆیان خۆیانیان ژیاندووه‌ و خاكی باشور به‌ماڵی خۆیان ده‌زانن، بۆیه‌ گرنگه‌ گه‌لی باشور خاوه‌ندارییان لێبكات.

لەیلا پێیوایە، کە گرنگە هاوڵاتیان، حزبه ‌سیاسییه‌كان، ڕێكخراوه‌كان و په‌رله‌مانتاران به‌رپرسیارییەتی خۆیان پێشان بده‌ن وهه‌ڵویستیان هەبێت.

س.ح