ژنان داوا دەکەن ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی هەرێم ژن بێت

لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ١٧ وەزیری پیاو و ٣ وەزیری ژن هەیە، بەڵام ئەوە بەپێی داخوازی ژنان نەبوو، کە داوایان کردبوو ڕێژەی بەشداریی ژنان لە ٣٠٪ کەمترنەبێت، بەڵام ئەو ڕێژەیە ١٤٪  دەکات، بۆیە ئێستا ژنان لەهەوڵی ئەوەدان، کە لەناو ڕاوێژکارەکانی سەرۆکی هەرێمدا ژن هەبێت.


گروپی (باڵانسی جێندەریی كابینەی نۆ) كە پێكهاتووە لە ژمارەیەك چالاكوانی بواری مافەكانی ژنان و نوێنەری حزبەكان و كەسایەتییە سیاسیی و ئەكادیمییەکان، ماوەی چەند مانگێکە بە ئامانجی بەشداریی ژنان بەڕێژەی ٣٠٪ لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان-دا پێکهاتووە.

 

ئەم گروپە، بۆ بەدی هێنانی ئامانجەکەیان، سەردانی زۆرینەی لایەنەکانی بەشداربوو لە حکومەتیان کرد و داوایان لێکردن، کە لەکاتی دیاریی کردنی کاندیدەکانیان بۆ پشکەکانیان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم ڕێژەی ٣٠٪ی ژنان لەبەرچاو بگرن، بەڵام داواکارییەکەیان جێبەجێ نەکرا.

ڕێزان شێخ دلێر ئەندامی گروپی باڵانسی جێندەریی، ئاماژە بەوەدەکات، کە بەشداریی ژنان لە کابینەی نوێدا بەپێی داخوازیی ئەوان نەبوو، بۆیە کاردەکەن بۆ ئەوەی، کە لە سەرۆکایەتی هەرێم-دا ڕاوێژکاری ژن هەبێت.

ناوبرا و ئاماژەی بەوەکرد، کە هەرچەند خواستەکانیان بەدی نەهاتووە، بەڵام ڕێژەی بەشداریی ژن لەم کابینەیەدا باشترە لە کابینەکانی پێشوو هەروەها وتی: هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە دامەزراوەکانی عێراق باشترە لەبارەی بەشداریی پێکردنی ژنانەوە، لەناو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا یەک ژنی تێدا نییە.

ڕێزان شێخ دلێر، دڵخۆش بوو بەوەی، کە بۆ یەکەمین جار پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ژنێکەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و وتی: سەرۆکی پەرلەمان بە ئەدایەکی ژنانە دەتوانێت ڕۆڵ ببینێت لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لە ناو کۆمەڵگادا هەیە و تەنانەت ئەو یاسایانەش کە خزمەت بە ژنان دەکات.

ئەو ئەندامەی گروپی (باڵانسی جێندەریی كابینەی نۆ)، لەکۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە لەداهاتوودا کاردەکەن بۆ ئەوەی لەڕێگەی پەرلەمانەوە یاسایەک دەربکرێت لەبارەی بەشداریی ڕێژەی ٣٠٪ی ژنان لە هەموو بوارەکانی بەڕێوەبردندا لە هەرێمی کوردستان، هەروەها ڕاشی گەیاند، کە لەبەرنامەیاندایە، کۆنفراسێک لەبارەی ڕۆڵی ژنانەوە ئەنجامبدەن و پێشنیارەکانیان پێشکەشی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.

د.ع