"ژنان دەتوانن پێشەنگایەتیی بۆ یەکێتی نەتەوەیی بکەن"

ڕێکخراوەکانی ژنان باس لە گرنگیی یەکێتیی نەتەوەیی دەکەن و دەڵێن، کە زەمینە لەبارە بۆ پێکهێنانی ئەو یەکێتییە، دەشڵێن: لەم ڕووەوە ژنان دەتوانن پێشەنگایەتیی بکەن.


لە ماوەی ڕابردوودا شاندی ژنانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، سەردانی ژنانی لایەنە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستانیان کرد و جەختیان لە سەر بەستنی کۆنگرەی یەکێتی نەتەوەیی کردەوە، لەدوای دەستپێکردنی هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر-یش بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەناوکورداندا داواکاریی بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی زیاتربوون.

لەوبارەیەوە، هەر یەک لە نەجیبە عومەر  ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕژاک و کەژاڵ عەبدولقادر ئەندامی پرۆژەی لە دژی داگیرکاریی و ژنکوشتن بێدەنگی بشکێنە، لێدوانیان دا.

نەجیبە عومەر، باسی لەوە کرد، کە دەوڵەتانی داگیرکەر بە سیاسەتی 'کورد پارچە بکە و حاکم بە لە سەری'، سیاسەتی خۆیان لەسەر کوردستان بەڕێوەدەبەن، بۆیە لە بواری زهنیەتدا تاکی کورد و هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان پارچە کراون و لایەنەکان لە دژی یەکتریی بە کاردەهێنن.

لەبارەی هۆکاری پێکنەهێنانی یەکێتی نەتەوەییەوە لەکاتێکدا زۆربەی لایەنەکان بە گرنگ ناو دەبەن؟، نەجیبە عومەر، وتی: بەهۆی دەستێوەردانی داگیرکەرانەوە لەبواری کردارییدا ئاستەنگ دەکرێت، تایبەت باشوری کوردستان، لەکاتێکدا هەموو کورد دەیانەوێت بیکەنە ناوەندی یەکێتی نەتەوەیی، بەڵام داگیرکەران دەیانەوێت ئێرە بکەنە ناوەندی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی.

ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوبەریی ڕژاک، پێیوایە بەرخۆدانی گرێسپی و سەرێکانی، زەمینەی بۆ یەکێتی نەتەوەیی ڕەخساندووە و ژن-یش دەتوانێت لەوڕووە پێشەنگایەتیی بکات، چونکە وەک ئەو باسیکرد"ئەگەر حزب وابەستەی دەوڵەتانی دەرەوە بن، ئەوا ژن کەمتر وابەستەیە و ژنیش زیاتر حەزی لە ئاشتیی و یەکبوونی نەتەوەییە، لە ڕابردووشدا دووجار کۆنفڕاس بەسترا و ژنانی چوار پارچەی کوردستان هاتنە لای یەکتر".

نەجیبە عومەر، پێشیوایە، کورد لە بواری زهنیەتدا پێویستە ئەو یەکبوونە دروست بکات، ئەگەر لە بواری کرداریی و فکریی یەکبوونی کورد دروستببێت، ئەوا شتێک نامێنێت بە ناوی سنوور.

هەروەها، کەژاڵ عەبدولقادر، بە گرنگییەوە باسی لە هاتنەلای یەکی ژنان کرد و وتی: کاتی ئەوەیە بێینە مەیدان و یەکێتی نەتەوەیی پێک بهێنین، بۆ نمونە ژنانی ڕۆژئاوا بۆ هەموو جیهانیان سەلماند کە ژن پێشەنگە و خاوەن ئیرادەیە، بۆیە ژنان دەتوانن ئەو هەنگاوە بنێن و کۆنگرەی نەتەوەیی بببەستن.

ش.ف