ژنان دەڵێن بە ڕۆحی زیلانەكان بەرەنگاری دوژمن دەبینەوە

ژمارەیەك لە ژنانی باشوری كوردستان لە شوێنی شەهیدكردنی سێ‌ هاوڵاتییەكە لەكورتەك گردبوونەوە و بۆردومانەكانی توركیایان شەرمەزاركرد و پشتیوانی خۆیان بۆ قەڵغانی زیندوو دووپاتكردەوە و بەڵێنیاندا بەڕۆحی زیلانەكان بەرەنگاری دوژمن دەبنەوە.


بەمەبەستی بیر هێنانەوەی زەینەب كناجی ناسراو بە زیلان، وە بۆ شەرمەزاركردنی داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك، ئەمرۆ ژنانی بەشێك لە شار و شارۆچكەكانی باشوری كوردستان بەناوی گروپی هەڵمەتی ژنان لەدژی داگیركاری سەردانی قەندیلیان كرد و لەشوێنی سێ‌ شەهیدەكەی كورتەك گردبوونەوە.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە لە لایەن شازە محەمەد خوێندرایەوە ژنانی ئامادەبووی گردبوونەوەكە بەڵێنیاندا بەڕۆحی گیان بازانەی شەهید زیلان داگیركەری هەڵدەوەشێنین.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوە خرایە ڕوو، ئێمە وەك گروپی هەڵمەتی ژنان لەدژی داگیركاری  لە 23 هەمین ساڵیادی چالاكییە گیان بازییەكەی  شەهید زیلاندا یادی تەواوی شەهیدان دەكەینەوە  و بەڕۆحی گیان بازانەی شەهید زیلان هێرشی داگیركارانەی دەوڵەتی تورك بۆسەرخاكی كوردستان و ئەنجامدانی  كۆمەڵكوژی كورتەك شەرمەزار دەكەین، كەتێیدا سێ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و پێنج هاوڵاتیش برینداربوون، ئەم هێرشە دڕندانەی دەوڵەتی تورك ڕسوا و شەرمەزاردەكەین، بێ هەڵوێستی و بێ دەنگی حوكمەتی هەرێمی كوردستان بەواتا هاوكاری كردنی ئەو هێرشانەیە.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەدا ژنان ڕایان گەیاند، بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە توركیا هێرش لەسەر خاك و كەرامەت و هەبوونی گەلەكەمان دەكات بەڵام جیهان بەگشتی بێ دەنگە ئەمە ڕوو ڕەشیەكی بێ سنورە بۆ هەموو دەوڵەتانی دەسەڵاتدار، لە هەرێمی كوردستانیشدا بەهۆكاری هاوپەیمانی حوكمەتی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەتایبەت پارتە دەسەڵاتدارەكان ڕاستەوخۆ جێگەیان گرتووە لە ئۆپەراسیۆنی دژبەرایەتی كردنی تێكۆشانی گەلی كوردەوە و نەك تەنها بێ دەنگن بەڵكو بەهەموو شێوەك بوونەتە قەڵغان بۆ پاراستی ئەو هێرشە دڕندانەی توركیا و ڕێگە نادەن بەهیچ شێوەیەك چالاكی لەدژی داگیركاری ئەنجامبدرێت.

لە كۆتایدا ئەوە خرایە ڕوو، وەك ژنان پێمان وایە تەواوی كێشەكانی هەرێمی كوردستان گرێدراوی ئەو ڕاستیەیە كە هێزی دەسەڵاتدار تەواو خۆی بێ ئیرادەكردووە خۆی تەسلیمی توركیا كردووە هەربۆیە كێشەی گەندەڵی و كۆچبەری و هەژاری و نەبوونی دیموكراتیەت و كوشتنی بێ سنوری  ژنان تەواو تێهەڵكێشی  داگیركەرییە، هەر بۆیە ئێمە وەك ژنان لەو باوەڕەداین  هەتا داگیركەری بەردەوام بێت كۆمەڵكوژی گوندنشینان بەردەوام دەبێت و لەهەمانكاتدا كوشتنی ژنان و دەستدرێژی لەسەرمنداڵان  لەناو كۆمەڵگادا كۆتایی نایەت . 
 
هەر بۆیە ئێمە وەك گروپی هەڵمەتی ژنان لەدژی داگیركاری  چالاكیەكانمان بەردەوام دەكەین هەتا كۆتایی هاتنی هەموو جۆرە داگیركارییەكان و داوا لە هاوڵاتیان دەكەین بێ هەڵوێستی و بێ دەنگی خۆیان لەدژی داگیركەری بشكێنن.

د.ح