ژنان لەسەر سوکایەتیکردن پێیان لە ڕیکلامە بازرگانییەکاندا دێنە دەنگ

کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی ڕیکلام کردن، لە لایەن ژنانەوە ڕەخنەیان لێدەگرێت و ژنان دەڵێن: ڕێکلامە بازرگانیەکان پڕن لە سووکایەتی پێکردن و کەمکردنەوەی پێگەی ژن لە ناو کۆمەڵگادا و پێویستە ڕێگەیان لێبگیرێت.


ئەمڕۆ ڕێکخراوی کۆبەندی ژنان دەتوانن – کوردستان، لە ئۆفیسی ڕێکخراوی پی دی ئۆ، لە شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و چەند داوایەکیان ئاراستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی ڕیکلامکردن کرد.

ڕاز قادر، ئەندامی کۆبەندی ژنان دەتوانن، بە خوێندنەوەی یاداشتێک ڕایگەیاند: چەندین ڕیکلامی بازرگانی کە لەلایەن زۆرێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە پەخش دەکرێت پڕن لە سووکایەتی و کەمکردنەوە و تەخوینکردن بە پێگەی ژن لە ناو کۆمەڵگادا، پەیامیان پێدانی ڕۆڵی نەرێنی و کەمکردنەوەی ئاستی ژنانە.

لە درێژەی خوێندنەوەی یاداشتەکەدا وتی: "ئێمە وەک کۆبەندی ژنان ماوەیەکە بەوردی سەرنجمان خستووەتە سەر ئەم ڕیکلامە بازرگانیانە کە بۆمان ڕوونبوەتەوە کە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەیان لە زیادبووندایە و بێ هیچ فیلتەرێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە چڕی بڵاو دەکرێنەوە، لە کاتێکدا پێگە و دەستکەوتی ژن لە سەرجەم بوارەکاندا هەنگاوی باش و پڕ لە دەستکەوتی بڕیوە و مەوداکانی دیموکراسی و یەکسانی جێندەری لە زۆرێک لە کایەکاندا ڕەنگی داوەتەوە".

لە کۆتایشدا وتی: لە ڕێی ئەم یاداشتەوە داوا لە هەریەک لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڕیکلامی بازرگانی دەکەین بە ئاگای زیاتر و سەرنجی زیاتر بیرۆکەی ڕێکلامەکان دیاری بکەن، کە هیچ جۆرە بێڕێزییەکی تێدا نەبێت بەرامبەر بە ژنان و ڕەزامەندی نەدەن بەو ڕیکلامانەی  کە لەم ڕووەوە نەشیاون، ڕووی قسەشمان ئاراستەی بەشێک لە ژنە ئەکتەرەکان دەکەین و داوایان لێدەکەین بە هیچ جۆرێک نەچنە نێو ڕۆڵبینینی کارەئکتەرێکی لاوازەوە کە ژنان لاواز نیشان بدات یان کار لە سەر نمایشکردنی پێوەری جەستەییان بکرێت.

ک.س