ژنان لە توندوتیژییە کۆمەڵایەتییەکان ئاگادار دەکرێنەوە

ژنانی گوندەکانی هەورامان ئاگاداردەکرێنەوە لە توندوتیژییە کۆمەڵایەتییەکان، کە چ لە کۆمەڵگا و لەلایەن بەڕێوبەرایەتییی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان-ەوە بە جۆرێکی توندوتیژیی هەژمار ناکرێن.


سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لەهۆڵی بۆنەکانی ئەحمەدئاوای سەر بەشارەدێی خورماڵی پارێزگای هەڵەبجە، ڕێکخراوی ڕۆنان بە هاوکاریی ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان سیمینارێکی بۆ ژمارەیەک لە ژنان ساز کرد و باسی توندوتیژیە خێزانییەکان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کرد.

ساکار عارف، توێژەری کۆمەڵایەتی و بەرپرسی ڕێکخراوی هاریکاری ژنان سیمینارەکەی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: توندوتیژیی خێزانی تەنها لەچوارچێوەی توندوتیژی جەستەیی نییە، بەڵکو چەندین شێوازی تری هەیە بەتایبەت توندوتیژی کۆمەڵایەتی کە ئێستا بەداخەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو هەڵکشان هەنگاو دەنێت.

لەسیمینارەکەدا ساکار، باسی لەوەش کرد: توندوتیژییە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر خۆی لە ژن بە ژن، گەورە بەبچوک، خوێن بایی، دەبینێتەوە، کە پێویستە لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بەئەنجامدانی سیمینار و کۆڕ و پێدانی هۆشیاری پێیان ئەم دیاردانە بنەبڕ بکرێن.

لە بەردەوامیی سیمینارەکەدا ناوبراو، ئاماژەی بەوەدا، کە هەرچەندە لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسای بەرەنگابوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان بوونی هەیە، بەڵام تائێستا وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە و ئەمەش وایکردوە ئەو جۆرە توندوتیژییانە ڕووی لە هەڵکشان کردبێ.

له کۆتایی سیمنیارەکەشدا ئامادەبووان بە خستنەڕووی سەرنجەکانیان باسیان لە کەمی ئەو دیاردانە لەناوچەی هەورامان کرد و ئەوەشیان خستەڕوو، کە دەبێت ئەم جۆرە کۆڕ و سیمینارانە زیاتر ئەنجمام بدرێن تاوەکو کۆمەڵگا زیاتر هۆشیار ببێتەوە.

جێگای ئاماژەیە، لە خشتەی جۆری توندوتیژییەکان-دا، کە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان(ئافرەتان)-ەوە بڵاودەکرێنەوە، ئاماژە بە توندوتیژییە کۆمەڵایەتییەکان نادرێت.

 

ش.ف