ژنان لە گەرمیان ڕوو لە وەرزشی کیک بۆکسینگ دەکەن

کۆمەڵێک لە ژنانی شاری کەلار،  ڕوویان لە هۆڵەکانی وەرزش کردووە بۆ فێربوونی هونەری بەرگریی، کیک بۆکسینگ، داوا لە کچانی دیکەیش دەکەن، کە بەربەستەکانی بەردەمیان بشکێنن و دوای خولیاکانیان بکەون.


لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، سەرەڕای هەموو بەربەستەکانی کۆمەڵگا، کۆمەڵێک ژنی گەنج گروپێکیان پێکهێناوە و ڕوویان لە هۆڵەکانی وەرزشکردووە بۆ فێربونی هونەری بەرگریی کیک بۆکسینگ، ئەمەش بۆ جاری یەکەمە لە سنوورەکە، چونکە پێشتر تەنها پیاوان توانیویانە ئەم وەرزشە بکەن و هیچ کاتێک ژنان هەوڵی فێربوونی ئەو وەرزشەیان نەداوە.

گروپی کچانی کیک بۆکسینگ لە گەرمیان، ژمارەیان نزیکەی ١٠ ژن دەبێت و وەک خۆیان ئاماژەی پێدەدەن، بە تێپەڕبوونی کات ژمارەیان زیاتر دەکات و ژنان بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریی لە گروپەکەیاندا دەکەن.

ئەم گروپە بۆ فێربوونی هونەری بەرگریی کیک بۆکسینگ، لە هەفتەیەکدا سێ ڕۆژ و بۆ ماوەی نزیکەی دوو کاتژمێر ڕاهێنان دەکەن، لە هۆڵی کیک بۆکسینگی پێشمەرگە لە شارۆچکەی کەلار.

ئەسما عەزیز، یەکێک لە ئەندامانی گرووپەکە لەبارەی بەشداریکردن لەم گروپەدا بە ڕۆژنیوزی وت: لە منداڵییەوە خولیای وەرزشکردنم هەبووە بەتایبەتی هونەری بەرگریی، بۆیە لە ڕێیی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکەوە گرووپێکی کیک بۆکسینگم ناسیی و لەگەڵ ڕاهێنەرەکەدا قسەمکرد و داوای کردنەوەی خولێکم لێکرد بۆ کچان و قبوڵیکرد، دواتر لەگەڵ چەند هاوڕێیەکمدا قسەمکرد و ئەوانیش زۆریان پێخۆشبوو، بڕیارماندا بەشداریی ئەم خولەبکەین.

ئەسما ئاماژەی بە بەربەستەکانی بەردەمیان کرد و وتی: دەرکەوتنی ژن لەم وەرزشەدا کەمێک سەختە، بەهۆی ئەقڵیەتی جیاکاریی کۆمەڵگاوە، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە توانیمان ئەو ڕێچکەیە بشکێنین و بەردەوام بین، ڕۆژ لە دووای ڕۆژ کچان بەجۆش و خرۆشەوە زیاتر دێنە ناو گروپەکەمانەوە، هەروەها کچانی زۆر هەیە حەزیان لەم وەرزشەیە، بەڵام بەهۆی دەوام و کارکردنەوە ناتوانن بەشداربن.

شنە محمد، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی گروپی کیک بۆکسینگ لەسەر هۆکاری بەشداریکردنی لە گروپەکەدا وتی: هونەری بەرگریی، کیک بۆکسینگ، یەکێک لە حەزەکانم بووە، پێشتر زۆر گەڕاوم، بەڵام پێیان وتوم بۆ ژنان نییە، بەڵام خۆشبەخاتانە ئەمساڵ کرایەوە و توانم بەشداربم، بە گرنگی دەزانم ژنان بەشداریی لەم جۆرە وەرزشانەدا بۆ بەهێزکردنی لایەنی دەرونی و جەستەییان.

شنە باسی لەوەشکرد، کاتێک باسی کیک بۆکسینگ یاخود گروپەکەیان بۆ کەسوکار و هاوڕێکانی دەکات پێی دەڵێن 'چیتداوە لە "شەڕەشەق"، دەشڵێت: ئەم وەرزشە بەنامۆ دەبینن بۆ ژنان، چونکە بەلای ئەوانەوە ئەرکی ژنان تەنها کاری ناوماڵە، بەڵام ئێمە گوێ بەو قسانە نادەین و بەردەوام دەبین.

سەرکەوت کەریم، ڕاهێنەری گرووپەکە سەبارەت بە ئاستی ژنان لەو وەرزشەدا وتی: خۆشبەختانە توانیومانە ئەو دەرفەتە بە ژنانی شارەکەمان بدەین، کە بێنە نێو دنیای هونەری بەرگریی و خۆیانی تیا بدۆزنەوە، ئەم گروپە بە گوڕوتینێکی زۆرەوە بایەخ بەم یاریەدەدەن، توانایەکی باشیان هەیە لە ڕووی جەستەیی و دەرونییەوە، هیوای باشتریان بۆ دەخوازم و ئاستی باشیان لێ چاوەڕوان دەکرێت.

د.ع