ژنان گروپێکی نوێ-یان بە ناوی ڕاستاڵ ڕاگەیاند

گروپێکی سەربەخۆی ژنان، لە ژێر دروشمی'لە پێناو خوڵقاندنی ژنی کارا لە کۆمەڵگای زیندوو' بە ناوی ڕاستاڵ ڕاگەیەندرا.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کتێبخانەی ئەمازۆن ستۆری لە شاری سلێمانی، گروپێکی سەربەخۆی ژنان بە ناوی 'ڕاستاڵ'،  لەلایەن دەستەیەک لە ژنانەوە ڕاگەیەندرا.

گروپی ڕاستاڵ، پێکهاتووە لە ژنانی ناو حزب و پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە جیاوازەکان، ژمارەی ئەندامەکانیان ٢٥ کەس دەبێت و بەتایبەت بۆ پرسەکانی ژنان دروست بوون.

بە خوێندنەوەی ڕاگەیەندراوێک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە لایەن سازە عەبدوڵا ئەندامی گروپەکە، گروپەکە ڕاگەیەندراو تێیدا هاتبوو: گەڕان بە دوای چارەسەری پراکتیکی  و مەیدانی بۆ ئاستەنگییەکانی بەردەم ژنان لە ئێستادا وامان لێدەکات بیر لە بنیاتنان و هەماهەنگی نوێی ژنان بکەینەوە و هەرگیز سڵ لەوە نەکەینەوە، زۆری ڕێکخراوەکانی ژنان لە هەوڵدانی نوێ ڕامان بگرێت.

هەروەها هاتبوو: ئێمە لە ڕاگەیاندنی گروپی ڕاستاڵ نامانەوێت تەنیا ژمارەیەکی تر بخەینە سەر ژمارە زۆرەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان، بەڵکو دەمانەوێت خەمێک لە خەمەکانی ژنان کەم بکەینەوە، ئەوەندەی دەمانەوێت سەرەداوەکان بدۆزینەوە و ئەوەندە خۆمان بە بەرزکردنەوەی دروشمی بێ ناوەڕۆک خەریک ناکەین، هەر وەک چۆن لە سەردەمی حوکمی حزبیدا کە ئەنجامێکی دوور لە کۆمەلگای مەدەنی و دامەزراوەیی خوڵقاندووە، هەمیشە لەلایەن خەڵکەوە داوای یەکڕیزی دەکرێت بۆ پرسە نیشتمانییەکان بە هەمان چەشنیش هەماهەنگی ژنانی پارتە سیاسییەکان ئاسۆیەکی نوێ دەخوڵقێنێت ئەنجامی پۆزەتیف لە بەرژەوەندی ژناندا دەبیت و ئەم هەماهەنگییە خێراتر بگاتە ناوەندی بڕیار و فشارێکی گەورەتر بۆ سەر پارتە سیاسییەکان دروست بکات.

لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە کراوە، کە دەبێت حزب ناچار بکرێت بەو هەماهەنگییە سەنگی ژنان و دۆزی ژنان ببینێت، "ئەو وێنە ڕەش و چارەنووسە تاریکە و پلە دووییەش بەردەوام نەبێت تا ئێمەش ببین بە هەوڵێکی واقعی بۆ خوڵقاندنی ژنی بوێر و کارا کە هەوێن بێت بۆ خێزانێکی سەرکەوتوو پێشکەوتنخواز لە کۆمەڵگایەکی زیندووکاردا".

س.ح