ژنۆلۆژیی وەک ناوەندێکی جیاواز بۆ خزمەتی ژن لە هەرێمی کوردستان خەریکی کۆکردنەوەی ئەرشیفی سەرجەم ژنە ناودارەکانی کوردە.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژیی، قوتابخانەیەکی فەلسەفەیە بۆ ژنان لە باشووری کوردستاندا، ماوەی چەند ساڵێکە بەشێوازی جیاواز کار دەکات.
ئەوان خۆیان دەڵێن، ژنۆلۆژیی ناوەندی زانستی ژن و ژیانە، زانستی بنەماکانی شۆڕشی زهنیەتە، بە ڕێگایەکی ژنانە لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان دەکات و چارەسەرییان بۆ دەخاتەڕوو.
ناوەندەکە لە ساڵی ٢٠١٢دا یەکەمین کۆنفرانسی خۆی لە شاری هەولێر ئەنجامدا، بەڵام ماوەی دوو ساڵە چالاکییەکانی فراوان بووە.
ئەم ناوەندە کە زۆرتر کاری فکری و رۆشنبیری دەکات، چەندین شێوازی جیاوازی هەیە بۆ کارکردن، خۆی بە قوتابخانەی یەکسانی ڕەگەزی دەزانێت.
یەکێک لە بەرهەمە ناسراوەکانی بڵاوکردنەوەی کتێبی “دەستپێکردنی ژنۆلۆژیی” بوو لە ساڵی ٢٠١٦دا، تا ئێستا سێ جار چاپکراوەتەوە.
ساڵی٢٠١٩ش کتێبی “بەسیاسی بوونی هەست” و کتێبی”ئیتیک و ئیستاتیک” و نامیلکەی “ژنۆلۆژیی”ی بڵاوکردەوە، کە ئەم بەرهەمانەش پێشوازییەکی بەرچاوی لە ناوەندەکانی پاراستن و کاری یەکسانی ڕەگەزیی لێکرا.
ساڵی ٢٠٢٠یش کتێبی “سەدەی٢١ دەبێتە سەدەی ژن”ی بڵاوکردەوە، ئەوە جگە لە دەیان هەڵمەتی هۆشیاری کە بەڕێی بروشور لە ڕابردوو ئەنجامیدا.
یەکێک لە کارە جیاوازەکانی ئەم ناوەندە، ئەنجامدانی کۆرسی تایبەتە بە دۆخی ژنان و کێشەکانی ژنان لە کۆمەڵگەدا، پێشتر هاوشێوەی ئەم کۆرسانە لە هەرێمی کوردستاندا دەگمەن بووە.
لەساڵی ٢٠٢٠دا سێ کۆرسی جیاوازی ئەنجامدا، ئەوە جگە لە پانێڵ و سمینار، کە بەشێوەیەکی بەردەوام بەڕێوەی بردووە.
ناوەندی ژنۆلۆژی پڕۆژەیەکی هونەری کردووەتەوە بەناوی ژن ئارت، لە نێو ئەم پڕۆژەیەدا ژنانی هونەرمەند دەتوانن بەرهەمەکانی خۆیان تایبەت بە دۆخی ژنان بڵاو بکەنەوە، ئەم پڕۆژەیە حەوت ژنە هونەرمەند سەرپەرشتی دەکەن.
ژنۆلۆژی بەرهەمی ژنانی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان و جیهاندا لە بواری نوسین و ڕۆشنبیریدا ئەرشیف دەکات، ئەم کتێبخانەیەی بۆ ئەو مەبەستە دایناوە کارەکانی بەردەوامە، ئەم بەشە لە لایەن ١٥ ژنەوە لە سلێمانی سەرپەرشتیی دەکرێت.
هەروەها، ناوەندی ژنی ڤیان لە شاری کەرکوک کراوەتەوە، بە سەرپەرشتی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی کاردەکات لە بواری توندوتیژی دژی ژنان و لە ئێستادا کار دەکات.
ها.غ