ژنۆلۆژی بە ژنانی ڕانیەش ناسێندرا

کۆمیتەی ژنۆلۆژیی باشوری کوردستان، سیمینارێکیان لەبارەی زانستی ژن (ژنۆلۆژی) لە شارۆچکەی ڕانیە ڕێکخست و تیایدا جەخت لەوەکرایەوە، کە ئەگەر خوێندنەوەیەکی ڕوون بۆ ڕاستیی ژن نەکرێت، ناتوانرێت بوارەکانی دیکە ڕوون بکرێتەوە.


کاتژمێر ٠٤:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ، کۆمیتەی ژنۆلۆژی باشوری کوردستان، بە ناونیشانی "ژنۆلۆژی بە یەکگەیشتنەوەی ژن، ژیان، کۆمەڵگا و زانست لەگەڵ حەقیقەت"، سیمینارێکی لە کتێبخانەی گشتیی شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ نەجیبە قەرەداغی، ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی ڕێکخست.

ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی شارۆچکەکە و چالاکوانانی ژنان لەو سنوورە بەشداریی سمینارەکەیان کرد و سەرەتای سیمینارەکەش بە خولەکێک ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد.

نەجیبە قەرەداغی لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: ئەگەر خوێندنەوەیەکی ڕوون بۆ ڕاستیی ژن نەکرێت ناتوانرێت بوارەکانی دیکە ڕوون بکرێتەوە، ئامانجی ئێمە ئاشکراکردنی حەقیقەتی ژنە لەڕووی هەبوونی ڕاستەقینەی خۆی و گێڕانەوەی ڕاستیی بۆ کۆمەڵگا.

ئاماژەی بەو کاریگەرییانەش کرد، کە سیستمی سەرمایەداریی لەسەر ژن کردوویەتی و وتی: ئەمڕۆ لە هەموو جیهان ژن وەک کاڵا، بابەتی سێکس، زاو و زێ و خزمتکردن بەکاردەهێندرێت، جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا نیە، بەڵکو سیستمی دەسەڵاتدارییە وایکردووە کە پیاو دەسەڵاتدار بێت و ژنیش وەک کاڵایەک مامەڵەی پێوەبکرێت، لە کەسایەتی ژندا پیاویش کۆیلە کراوە

قەرەداغی باسی لەوەشکرد: ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، ژن لە کۆنەوە ئاژەڵی ماڵیی کردووە و کشتوکاڵی پێشخستووە، دایک خاوەنی چەندین بەرهەمەنە کە پیاو سوودی لێوەرگرتووە، زۆر جار دەڵێن ژن کۆڵەکەی ماڵە، بێگومان ئەوە ڕاستە چونکە ئەم ماڵە بەو کۆڵەکەوە ڕاگیراوە.

لە کۆتایی قسەکانیشدا، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ژنۆلۆژی جەختیکردەوە، کە ئەوان بەهیچ شێوەیەک جیاوازی لەنێوان ڕەگەزی نێر و مێدا ناکەن، بەڵکو وەک خۆی وتی: دەمانەوێت ئەو ئەقڵییەتە بگۆردرێت کە جیاکاری دەخاتە نێوان ژن و پیاووە.

لە کۆتایی سمینارەکەدا دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە و ئامادەبووان سرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەسەر سینارەکە و چەمکی پیاوسالاری خستەڕوو.

ب