"ژنۆلۆژی چارەسەری زۆربەی کێشەکانی کۆمەڵگا دەکات"

کۆمیتە و ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لەڕێگای کردنەوەی خولەوە هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئەو زانستە دەدات لە باشوری کوردستان و بەشداربوانی خولەکەش دەڵێن: ژنۆلۆژی کلیلی چارەسەری زۆربەی کێشەکانی ئێستای کۆمەڵگایە. 


ڕۆژی ٥/ئەم مانگە، لە ناوەندی ئەکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراسیی، لە شاری سلێمانی، خولێکی پەروەردەی تایبەت بە ژنۆلۆژی"زانستی ژن"، لە لایەن نەجیبە قەرەداغی، ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژیی، کرایەوە و دوو ڕۆژی خایاند.

نەجیبە قەرەداغی ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، ئاماژەی بە سەرەتای ناساندنی ژنۆلۆژی کرد لە باشوری کوردستان و وتی: دوای ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتیی و لە ڕۆژئاوای کوردستان وچیاکانی کوردستان ژنۆلۆژی کەوتە ڕۆژەڤەوە و گفتوگۆیەکی چڕی لەسەر کرا، ئێستاش ناوەند و ئەکادیمیای ژنۆلۆژی پێکەوە لەچوارچێوەی پلانێکدا لە باشور دەستیان بەو قۆناغە کردووە و هەوڵ دەدەین ئەم زانستە لێرەش بڵاوبکەینەوە.  

وتیشی: لەم هەرێمەدا زۆر شت کراوە، بەڵام نەتوانراوە لە بارەی زهنەوە گۆڕانکارییەکی جدیی دروست بکرێت، ئەگەریش گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە زهنیەتدا نەکرێت، ئەوا هیچ گۆڕانکارییەک نایەتە ئاراوە.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ژۆلۆژی، ئاماژەی بەکارەکانی کۆمیتەی ژنۆلۆژی کرد و وتی: دابڕانێک هەیە لە مێژووی کۆمەڵگە بوون،  بەتایبەتی کۆمەڵگەی سروشتی، ژنۆلۆژی کاردەکات بۆئەوەی ئەو نامۆبوونە تێپەڕێندرێت وئەو وزە ئەرێنیەی کە هێشتا لەناو کۆمەڵگادا ماوەتەوە خوێندنەوەیەکی ڕاستی بۆ بکرێت.

هەروەها، باسی لەوەکرد، کە ژنۆلۆژی بەتەنیا کاری ئەوەنیە تیۆریی دابڕێژێت وە خەڵکی دیکە پێکی بێنێت، بەڵکو ئێمە پێمان وایە هەموو ڕایەڵەکانی ئەم کۆمەڵگایە شتی زۆر ئەرێنیی هەیە، کە بە سیستم و بە دەزگا نەکراوە، ئەمە پێویستی بە گفتوگۆکردن و چەمکسازیی و تیۆریزەکردن هەیە، واتا گفتوگۆیەکی فەلسەفییە  تیۆریی و ئەکادیمییە لە هەمانکاتدا پراکتیزەکردن و کۆکردنەوەی بەها کۆمەڵایەتییەکانە، کە لە کۆمەڵگەکەی ئێمەدا بە جۆرێک لە جۆرەکان شاراوەتەوە و بێنرخکراوە.

هەروەها، خەندە حەمید، یەکێک لە بەشداربووانی خولەکە، ئاماژەی بە ئامانجی بەشدارییکردنی لە خولەکە کرد و بە ڕۆژنیوزی وت: دەتوانین لەڕێگای ژنۆلۆژییەوە خۆمان بناسین و خوێندنەوە بۆ مێژوو بکەین، هەروەها ئەو بەها مێژووییانەی لەدەستمانداوە بیگەڕێنینەوە. 

ویژدان نورەدین، مامۆستای زانکۆ و بەشداربووی خولەکە، ئاماژەی بە گرنگیی ژنۆلۆژی کرد و وتی: گرنگیی ژنۆلۆژی لەوەدایە کلیلی چارەسەری زۆربەی کێشەکانی ئێستای کۆمەڵگایە بە ژنیشەوە، چونکە ژن واتە کۆمەڵگا ئەگەر لە کۆمەڵگایەکدا ژنان تێیدا چەوساوە بێت ئەوا کۆمەڵگایەکی لاواز و دواکەوەتوو دەبێت.

وتیشی: باشوری کوردستان لەژێر تەوژم و قەیرانێکی گەورەی کۆمەڵایەتییدا دەناڵێنێت ئێمە ئەگەر چاو بخەینە سەر تەنها لایەنە کۆمەڵایەتییەکان دەبینین، کە کۆمەڵگا بەرەو هەڵدێر چووە وردەوردە بەهاکانی خۆی لەدەست دەدات وە ژنیش تێیدا کراوەتە کاڵا، لەکاتێکدا ئێستا ژن زۆرترین شۆڕش ماندوبوون هەنگاوی گەورەتر دەنێت بەڵام دەبینین هەمێشە بەربەستێک هەیە لەبەردەمی.

بەوهۆکارانەی کە باسیکرد، ویژدان نورەدین پێیوایە، کە خوێندنەوەی زانستی ژنۆ لۆژی و کردنە پرۆگرامی ژیانی هەر تاکێکی باشور گرنگە و پێویست دەکات دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕێک خراوەکانی ژنان هەموو ئە بتوانن ئەندامانی خۆیان پێبگەیەنن لەنێو ئەو زانستەدا تاکو ئەو ئەندامە ببێتە پەیامبەرێک و ئەو زانستە بگەیەنێتە زۆربەی ناوچەکان.

ش.ف