"ژنۆلۆژی کار بۆ گێڕانەوەی پێگەی ژن لە کۆمەڵگادا دەکات"

لە سیمینارێکدا لە شارەدێی خورماڵ شیکردنەوە بۆ زانستی ژن (ژنۆلۆژی) کرا و ئاماژە بەوەشکرا، کە هەوڵی ژنۆلۆژی بۆ گێڕانەوەی پێگەی ڕاستەقینەی ژنە لە کۆمەڵگادا.


ئێوارەی ئەمڕۆ، لە هۆڵی كتێبخانەی گشتی شارەدێی خورماڵ-ی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، كۆمیتەی ژنۆلۆژی باشوری کوردستان لە چوارچێوەی هەفتەی ڕۆشنبیریی كتێبخانەی هەژار موكریانی، سیمینارێكی لەبارەی زانستی ژن (ژنۆلۆژی) بۆ نەجیبە قەرەداغی، ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی ڕێکخست.

لە سەرەتای سیمینارەكەدا، نەجیبە قەرەداغی باسی لە ئامانجەکانی ژنۆلۆژی کرد و وتی: دەمانەوێت لە ڕێگای ئەم زانستەوە كۆمەڵگا هۆشیاربكەینەوە لە مافەكانی ژنان و هەروەها ئەو ڕۆڵەی كە دەبێت ژنان لە كۆمەڵگادا بەرجەستەی بكەن، ئەوەش بە گۆڕینی ئەو ئەقڵییەتەی ئێستا لە كۆمەڵگای كوردیدا كاری پێدەكرێت لەبارەی پرسەكانی ژنانەوە.

لە بەشێكی تری سیمینارەكە، وتی: تاوەکو ئێستا زانیارییەكان لەسەر خودی ژن ونكراون یاخود شاراونەتەوە، ئێمە دەمانەوێت بە زانستی ژنۆلۆژی لە گوند و جێگا دوورە دەستەكاندا گۆڕانكاری بهێنینە ئاراوە، بۆئەوەش زۆر گرنگە ئێمە لە خۆمان بپرسین پێویستە لەكوێوە دەستپێبكەین؟، بۆیە پێویستە لەو شوێنەوە دەستپێبكەین كە لەدەستمان داوە.

نەجیبە قەرەداغی، ئەوەشی وت: بەهۆی ئەو تایبەتمەندیانەی كە ژنان هەیانە، دەمانەوێت جارێكی تر ژن بگێڕینەوە بۆ ئەو پێگە گرنگەی كە دەبێت لە كۆمەڵگادا هەیبێت.

ب.ل