ژنێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت چەند ژنێک دەخاتە سەر کار

ژنێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە ڕێگەی پرۆژه‌یه‌كی بچووكەوە، هه‌لی كاری بۆ ژماره‌یه‌ك دەرچووی دانەمەزراوی کەلار ‌ڕەخساندووە.


له‌ شارۆچكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، خواردنگەیەکی خنجیلانە هەیە کە ژماره‌یه‌ك ژن كاری تێدا ده‌كه‌ن و به‌ دڵی كڕیارەکانیان خواردنی جۆراوجۆر دروستده‌كه‌ن، لە هەوڵدان کارەکەیان فراوان بکەن.

به‌ناز ئه‌حمه‌د، خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و خاوەنی خواردنگەکە، لەڕێگەی ڕێكخراوی مافی مرۆڤەوە پاڵپشتی پرۆژە‌كەی بەدەستهێناوە و جگە لەخۆی چوار ژنی دانەمەزراو لە خواردنگەکەیدا کاردەکەن، کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن و لە کەرتە حکومییەکاندا دانەمەزراون.

چێشتخانەکە لە نێو خانوویەکدایە لە گەڕەکی بەردەسووری کەلار، جگە لە ڕۆژانی هەینی، تەواوی ڕۆژەکانی تر لە بەیانییەکی زوەوە ژنەکان دێنەسەرکار و دەست بە سازکردنی خواردنەکان دەکەن.

لەم خواردنگە خنجیلانەیەدا زیاتر لە ٢٠ جۆر خواردن سازدەکرێت، (دۆڵمە، بریانی، کفتە، کوبە، شلە و برنج) لە دیارترینی ئەو خواردنانەن کە خواستی زۆریان لەسەرە و بەردەوام لەسەر سفرە و خوانی ئەم خواردنگەیە بە نانی کوردەوارییەوە ئامادەن، ئەمە جگە لە پێسکەشکردنی کولیچە و شیرینیی تایبەت.

گۆشتی خۆماڵی بە چەند شێوەیەک لەم خواردنگەیە بۆ کڕیار و میوانەکان ئامادە دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا نرخی تەواوی خواردنەکان کەمترە بەراورد بە شوێنەکانی دیکە و بەمجۆرەش دەیانەوێت لە پاڵ تام و چێژی جیاوازی خواردنەکانیان، سەرنجی کڕیارەکان زیاتر ڕابکێشن.

ش.ف