ژنێكی دیكە بە فیشەك بووە قوربانی

ژنێك لە شارەدێی ڕزگاری سەربە شارۆچكەی خەبات لە پارێزگای هەولێر بە فیشەك بووە قوربانی، شایەتحاڵەكانیش دەڵێن، "خۆی كوشتووە".


ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارەدێی ڕزگاری لە سنوری هەولێر ژنێك کە ناوی ژیانە، بە فیشەك بووە قوربانی، ئەو ژنە دایكی دوو منداڵە.

شایەتحاڵێكی نزیك ڕووداوەكە، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوە كرد "ئەو ژنە، كە دایكی دوو منداڵە بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە بە فیشەك خۆی كوشتووە".

سەرچاوەیەكیش لە پۆلیسی ڕزگاری بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و پۆلیس لە ئێستادا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە لە چۆنیەتی ڕووداوەكە.

وتیشی: تەرمی ئەو ژنە ڕەوانەی پزیشكی دادوەری هەولێر كراوە بە مەبەستی پشكنین.

بەپێی ئامارێك، كە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەكان لای خۆی تۆماریكردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ١٩١ كەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری كوردستان كوژراون یان خۆیان كوشتووە، كە زۆربەیان ژنن، ئەمە بێجگە لەو كوشتنانەی، كە بەهۆی كردەوەی تیرۆرستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی كە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

هەروەها، بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، لە ماوەی پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵ-دا ٢٢ ژن لە هەرێمی كوردستان كوژراون و ٣٢ ژنی دیكەش خۆیان كوشتووە.

بەهۆی ئەوەی بەڕێوبەرایەتییەكە تەنیا ئەو حاڵەتانە تۆمار دەكات، كە لەڕێگەی نووسینگەكانیانەوە دەگەنە دەستیان، ئەو ئامارانەی بڵاویدەكەنەوە كەمترە لە ڕاستیی حاڵەتەكان.


ك.ك/ب