ژنێكی دیكە بە فیشەك بووە قوربانی

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، لە شارەدێی بازیان سەربە سلێمانی ژنێك بە فیشەكی تاپڕ گیانی لەدەستدا.


كەمێك پێش ئێستا پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا كە لە پەیجی فەرمی خۆی بڵاوی كردوەتەوە، ڕایگەیاندوە، "شەوی ڕابردوو لە شارەدێی بازیانی سەربە پارێزگای سلێمانی كچێكی تەمەن ٢٤ ساڵ بە گولـەی تاپڕ گیانی لەدەستدا".

ڕاشیگەیاندوە: "دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمی بەشی پۆلیسی بەڵگەوتاوان، كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕوداوەكە كرا و لە ئێستاشدا لەلایەن بنكەی پۆلیسی بازیانەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە".

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی وتووە: "كچەكە ناوی (ن ، ل ، ع)ە و لەدایكبووی ساڵی ١٩٩٤ ە، بە وتەكەی كەسوكارەكەی لە كاتی داگرتنی تاپڕەكە لەناو ئۆتۆمبێلەكەیان فیشەكێك لە تاپڕەكەوە دەرچووە و بۆتە هۆی گیانلەدەستدانی".

بەپێی ئامارێك، كە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەكان لای خۆی تۆماریكردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ١٩٤ كەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری كوردستان كوژراون یان خۆیان كوشتووە، كە زۆربەیان ژنن، ئەمە بێجگە لەو كوشتنانەی، كە بەهۆی كردەوەی تیرۆرستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی كە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

هەروەها، بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، لە ماوەی پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵ-دا ٢٢ ژن لە هەرێمی كوردستان كوژراون و ٣٢ ژنی دیكەش خۆیان كوشتووە.

بەهۆی ئەوەی بەڕێوبەرایەتییەكە تەنیا ئەو حاڵەتانە تۆمار دەكات، كە لەڕێگەی نووسینگەكانیانەوە دەگەنە دەستیان، ئەو ئامارانەی بڵاویدەكەنەوە كەمترە لە ڕاستیی حاڵەتەكان.


ك.ك