ژنێك به‌هۆی ته‌زوی كاره‌با گیانی له‌ده‌ستدا

لە شارۆچکەی قەڵادزێ ژنێکی تەمەن ٢٦ ساڵ، لەکاتی پاککردنەوەی بەفرگرەکەیان تەزوی کارەبا لێیداوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.


ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ بەهۆی تەزووی کارەباوە، ژنێک لە شارەدێی ژاراوای سەر بە شارۆچکەی قەڵادزێی دەڤەری پشدەر گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین، ژنەکە ناوی ( ف . ع . م ) له‌دایك بووی ساڵی 1993، پیشه‌ی ژنی ماڵ، دانیشتووی ناحیه‌ی ژاراوه‌ سه‌ر به‌ شارۆچکەی قه‌ڵادزێ- یە، لەدوای ئەوەی تەزوی کارەبا لێیداوە  لەلایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ گه‌یه‌ندرایه‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی قه‌ڵادزێ.

به‌ وته‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی ویستویانه‌ خانووەکەیان  بۆیاخ بكه‌ن، پاش ئه‌وه‌ی ئامێری به‌فرگره‌كه‌ی پاككردۆته‌وه‌ ویستویه‌تی هه‌ندێ شت بخاته‌وه‌ ناو بەفرگرەکە، دواتر كاره‌با گرتوویه‌تی و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین، پاش توێكاریی بۆ تەرمی ژنەکە، تەرمەکە ڕاده‌ستی كه‌سوكاری كراوەتەوە و‌ پەڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ ڕووداوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ش به‌رده‌وامه‌.

د.ع