لەپێناو بە دەستهێنانی داهاتێكی سەربەخۆی ژنێكی كارگەیەكی بچوك بۆ دروستكردنی سابونی خۆماڵی لە شارۆچکەى خانەقین دادەمەزرێنێت وهەورەها چەند جۆرێك لە كەرەستەی جوانكارییش دروست دەكات.
ئیڤان عەبدوڵا، تەمەنى ٢٦ ساڵە و خاوەنی بڕوانامەی ئەندازیارییە لە بەشی مەواد، لە چاوپێکەوتنێکدا بە رۆژنیوزى ڕاگەیاند، کە لە ساڵی ٢٠١٩ بیرۆكەی دروستكردنی سابونی خۆماڵی بە مەوادی سروشتی لام گەڵاڵە بوو بۆیە لە سەرەتادا بە كەرەستەی سەرەتایی دەستكرد بە دروست كردنی سابون، دواتر لە ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی كۆروناوە لە كارەكە ساردبوومەوە و بە شێوەیەكی كاتی كارەكەم ڕاگرت، بەڵام ئەمساڵ سەر لەنوێ دەستمكردەوە بە پرۆژەكەم، بەڵام پێشم خست و لە ئێستادا كارگەیەكی بچوكم بۆ خۆم دروستكردووە سابون بەرهەم دێنم.

هەروەها، ئیڤان ئاماژەى بەوەشکرد، هەرلەو کارگەیەدا چەند جۆرێك لە كەرەستەی جوانكاری ژنانیش دروست دەكەم، وەك كرێم و سیرۆم و چەند بەرهەمێكی تر ناوی ئەو بەرهەمانەشم بەناوى خۆمەوە کردووە.
ڕاشیگەیاند، پەیجێكی فەیسبوكم بۆ پرۆژەكە كردۆتەوە لە رێگای پەیجەكەم بە شێوەی ئۆنلاین رێكلام بۆ بەرهەمەكانم دەكەم و دەیانفرشم و لە ئێستادا كڕیاڕم هەیە لە ناو خانەقین و شار و ناوچەكانی تریشەوە.
دەشڵێت، خواستی باش لەسەر بەرهەمەكانم هەیە، چونكە سەرجەم بەرهەمەکانم بە ماددەى سروشتی دروست دەكەم كە هیچ كاریگەری خراپی نەبێت لەسەر پێست، بەڵكو سودی زیاترى دەبێت لە بەرهەمی هاوردە.
باسیلەوەشکرد، لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە كاتی ڕاگرتنی پرۆژەكەم هەوڵمدا گەشە بە تواناكانم بدەم بەشداری چەند خولێكی تایبەت بە دروستكردنی بەرهەمی جوانكاری ژنانم كرد و پرۆژەكەم بە شێوەیەكی فەرمی تۆمار كرد.
ئەوەشى خستۆتەڕوو، بەهرەی وێنەكردن و کێشانى تابلۆی شێوەكاریم هەیە و لە ئێستادا تابلۆ وێنە دەكەم، بۆیە ناو بەناو لە نێو كارگە بچوكەکەم وێنە دەكێشم و دەچمە دوونیای ڕەنگ و وێنەكێشان .
ئیڤان روونیشیکردۆتەوە، دەبێت ژنان ئابوری سەربەخۆیان هەبێت، تاوەكو بە ئازادانە بژین دەبێت گەنجانیش هەوڵ بدەن كار و پیشەیەک بۆ خۆیان بدۆزنەوە بەدوای هەلی كاركردن بگەڕێن.
ئ.م