ژنێکی تر بە شێوەیەکی گوماناویی گیانی لەدەستدا

لە شارەدێی زەڕایەن ژنێک بە پەت خنکا و تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە، کە خۆی خنکاندووە یان خنکێندراوە.


کەمال ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی شەهید ڕەئوف بەگ لە شارۆچکەی شارەزووری سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە لێدوانێکی نووسراوی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاند، کە کاتژمێر ٢:٤٥ خولەکی نیوەشەوی ڕابردوو، تەرمی ژنێکی ٥٠ ساڵ بەناوی ( ع. م. ف) دانیشتووی شارەدێی زەڕایەن  بەخنكاویی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکەیان.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، کە پاش ئەنجامدانی ڕێکارە تەندروستییەکان بەمەبەستی زانینی هۆکاری خنکانەکە، بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر، تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە.

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر ڕۆژنیوز پەیوەندیی بەو بەرپرسەی نەخۆشخانەکەوە کرد، بەڵام زانیاریی نەدا و تەنیا ئەوەی ئاشکرا کرد، کە بەپەت و بە سێوەی هەڵواسین گیانی لەدەستداوە.

تا ئێستا ڕوون نەبوەوەتەوە ئەو ژنە خنکاوە یانیش خنکێندراوە، پۆلیسی سنوورەکەش سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە ڕووداوەکە.

ش.ف