ژنێکی دیاری سلێمانی ژیانی لە مەترسییدایە

ژنێکی دیاری شاری سلێمانی لەلایەن هاوسەر و براکانییەوە هەڕەشەی لێکراوە و ژیانی لە مەترسییدایە.


ئەوین محەمەد، ڕۆژنامەنووس و شاعیر و خاوەنی چاپخانەی هاموون، کە دانیشتووی گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانییە، شەوی ڕابردوو لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک، داوای بەهاناوەچوونی کرد و نووسیبووی:"ژیانم لە مەترسییدایە، پۆلیس و ئاسایش بەئەرکی خۆیان هەڵناسن، بکوژەکە، کە برامە تا ناو خەستەخانە هاتووە نایگرن، ئێستا من باری تەندروستیم خراپە وەک پێویست خۆم منداڵەکانم ناپارێزرێن".

ئەوین، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، زانیاریی لەسەر نووسینەکەی دا و وتی:"ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە، کاتژمێر نۆی شەو لە لایەن هاوسەر و دوو برا و خوشکێکی خۆمەوە هێرشم کرایە سەر، بە مەبەستی ناچارکردم بۆ ڕادەستکردنی ماڵ و موڵکەکەم و ئازاری جەستەییان دام و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردم".

ئەوین محەمەد، ڕوونکردنەوەی زیاتری دا و وتی:"من داوای جیابوونەوەم لە هاوسەرەکەم کردووە، هاوسەرەکەشم دەڵێت تا سامانەکەتم پێ نەبەخشی لێتجیانابمەوە، خوشک و براکانیشم دەستیان لەگەڵ هاوسەرکەم تێکەڵکردووە لەپێناو سامانەکەمدا".

ئەوین، کە خاوەنی ئۆتۆمبێل و خانوو و چاپخانەیەکیشە، باسی لەوە کرد، کە "بە شەق لێیانداوە و بەقژ ڕایانکێشاوە، تا تووشی خوێنبەربوون بووە ، دواتر خۆی ڕزگارکردووە و لەگەڵ منداڵەکانی چووەتە بنکەی بنکەی پۆلیس لە گەڕەکەکەی خۆیان".

ئەو ژنە ئازاردراوە، وتیشی: لە بنەکە بەمەبەستی چارەسەر بردمیان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن، دوای دوو کاتژمێر مانەوە لە نەخۆشانە، ئێمەیان برد بۆ شێڵتەری ئاشتیی هەر لە شاری سلێمانی، تا ڕۆژبووەوە لەوێ بووین، دواتر ویستیان جیامان بکەنەوە، مناڵەکانم ببەنە خانەی منداڵانی بێ سەرپەرشت، منیش ڕازی نەبووم لە منداڵەکانم جیا ببمەوە و لە شێڵتەرەکە دەرچووم، ئێستا لە شوێنێک خۆم و منداڵەکانم حەشارداوە.

ئەوین محەمەد، داوای لە ڕێکخراوەکانی ژنان کرد، کە بەهانایەوە بچن و لە کوشتن ڕزگاریی بکەن، وتیشی: لەڕێگای پارێزەرەکەمەوە سکاڵایی یاساییم تۆمارکردووە.

هەر سەبارەت بە کێشەکەی ئەوین، ئاڵا کەمال، ئەندامی گروپی ژیان کە پێکهاتووە لە ١٥ ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنیی، بە ڕۆژنیوزی وت: ئەوین و منداڵەکانی پارێزراون و دوای لێکۆڵینەوە و تەواوکردنی ڕاپۆرتێک، کەمەپینی هاوکارییکردن بۆ ئەوین ڕادەگەیەنین و لەم ڕۆژانە جێبەجێی دەکەین.

ڕۆژنیوز بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەسەر ڕووادوەکە، چەندین جار هەوڵیدا پەیوەندی بە بنکەی پۆلیسی بەکرەجۆووە بکات، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدرایەوە.

 

فۆتۆی ئەوینی منداڵەکانی دوای خۆ حەشاردانیان

 

ش.ف