ژنێکی دیکە بە پەت خنکا

ژنێکی دیکە بە پەت خنکا و تەنیا لە دوو شەودا دوو ژن بە هەمان ڕووداو گیانیان لەدەستداوە.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پۆلیسی ڕاپەڕین، "شەی ڕابردوو کاتژمێر ٨:٣٠ خولەک لە گوندی دووگمان-ی سەر بە شارەدێی سەنگەسەر-ی شارۆچکەی قەڵادزێ لە ئیدارەی ڕاپەڕین، ژنێک بەناوی (س . ئـ . ئـ) لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٠ پیشەی ژنی ماڵ بە خنکاوی گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"بە وتەی کەسوکاری لەماڵ بە پەت خۆی خنکاندووە و دایکی دوو منداڵیشە".

ڕاشگەیەندراوە:"پاش توێکاری بۆ تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە و تائێستا هۆکارەکەی نەزاندراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە".

ئەمە لەکاتێکدایە، کە شەوی پێشتریش، واتا شەوی ٩ی ئەم مانگە، لە شارۆچکەی شارەزووری سەر بە پارێزگای سلێمانی کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ بە بە خنکا، کە بە وتەی کەسوکارەکەی "خۆی خنکاندبوو".

لە ئەمساڵدا خنکان بە پەت لەلایەن هەردوو ڕەگەز و تایبەت ژنان زۆر زیادییکردووە و لەهەموو ڕووداوەکانیشدا کەسوکاری قوربانیی دەڵێن، کە ئەوکەسە خۆی خۆی خنکاندووە.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ١٨٤ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆرستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

بەپێی ئاماری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ٦ مانگی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان ١٨٠ کەس کوژراون یاخود خۆیان کوشتووە، ئەمە جگە لەو کوشتن و خۆکوشتنانەی کە دەکەوێتە ناوچە دابڕێندراوەکانەوە.

بەهۆی ئەوەی، ئەوەی لە ساڵیکدا تەنیا دوو جار دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان ئاماری کوشتن و خۆکوشتن بڵاودەکاتەوە، ڕۆژنیوز هەوڵ دەدات بەپێی ئەو هەواڵانەی ڕۆژانە بەدەستی دەگات، ئامارەکان لای خۆی کۆبکاتەوە، بەڵام مەرج نییە لەگەڵ ئاماری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ کت و مت وەک یەک بن.

 

ش.ف