ژنێکی هەنگەوان: کۆمەڵگای هەنگ هاوشێوەی کۆمەڵگای دایکە

 شاژنی هەنگەکان پارێزگاری لە سنوور و ئەندامانی شارەکەی دەکات و ژنێکی هەنگەوانیش لەوو ڕووەوە دەڵێت: هەنگ کۆمەڵگایەکی هاوشێوەی کۆمەڵگای دایکە و بووەتە ناوەندێک بۆ فراوانبوون و بەرهەمهێنان لە سەر بنەمای پێکەوەیی.


هەنگەوانی پیشەیەکی تایبەتە و دەبێت بە حەزکردن و وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە لە گەڵ ئەو پیشەیەدا بکرێت، ئەم پیشەیە بووەتە پیشەی هاوڵاتیان بە ژن و پیاوەوە، لە شاری سلێمانیش ژنێک بە ناوی تەڵعەت شێخ جەمال.

تەڵعەت شێخ جەمال تەمەنی ٤٨ ساڵە و لە دایکبووی گوندی کربچنەی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵە، لە ئێستادا لە سلێمانی ماوەی ساڵێکە کاری بە خێوکردنی هەنگ دەکات و لە دوکانی تایبەت بە فرۆشتنی کەرەسته وپێداویستییەکانی مێش هەنگ-یش کار دەکات.

تەلعەتی هەنگەوان سەبارەت بە چێژی بە خێوکردنی هەنگ بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و  باسی لەوەکرد، کە ئەگەر حەزێکت نەبێت بۆ هەنگ ئەوە ناتوانیت بەخێوی بکەی، چونکە دونیایەکی جیاوازە و تا لە گەڵیان نەبی نازانی چ چێژێکی هەیە، دەرەباری خۆی و پیشەکەی وتی "من هەستێکی تایبەتم هەیە بۆیان، چونکە جوانییەکی زۆری تێدایە، کە شاژن سه‌رجه‌م هه‌نگه‌کان لێ کۆده‌بنه‌وه‌، که‌ شێوه‌ی دایکێک ده‌دا که‌ منداڵه‌کانی لە دەوریەتی، کۆبونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌نگانه‌ش له‌ مه‌لیکه‌ به‌هۆی ئه‌و فۆڕمۆنه‌یه‌ که‌ ده‌یڕژێت به‌ناو سندقه‌که‌دا".

تەلعەت کارکردنی ژنان بە جیاواز لە ڕابردوو دەزانێت و پێیوایە، کە گۆڕانکاری بە سەر هاتووە و زۆر مورتاحە کاتێک بە هەوڵدانی خۆی کاردەکات و دەشلێت "گەورەترین قازانج ئەوەیە کە چاوەڕوانی دەستی کەس نیت، سەربەخۆییت و ئازادییەکت بۆ خۆت بەرجەستە کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە خۆت مەبەستت بێت و بە بێ کۆڵنەدان هەوڵی بۆ بدەی".

بە پیی زانیارییەکانی ئەو ژنە هەنگەوانە سووڕی ژیانی هەنگەکان بەم شێوەیەن:

-هەنگەکان بوونەوەرێک یاخود مێروویەکی باڵداری بچووکن، کە لە سێ ڕەگەزی جیاواز پێکهاتوون، ئەویش، شاژن، نێر و مێ، کە هەنگوین بەرهەم دەهێنن و تایبەتمەندییەکی جیاواز و هەرەوەرزییان هەیە، بە نیشتنەوە لە سەر گوڵەکان و بەتایبەت گوڵی هەڵاڵە، شیلەکان هەڵدەگرن ‌و لە ناو شانەکاندا بەکاری دێنن، ئەمەش زیاتر هەنگە نێرەکان پێکیدەهێنن.

-ژیانی شاژن بە چەند قۆناغێکە، ئەویش سەرەتا شوێنی بۆ حازردەکرێت و پاشانە بە ئامادەکردنی خواردنی شاهانە، لە دوای ١٦ ڕۆژ شاژن دێتە دەروەوە، بەڵام هەنگەکان پێش هاتنەدەروەی پورەی بۆ دروست دەکەن، کە شاژنیش پێگەشت خۆی دێتە دەروەوە و بە ١٤ ڕۆژ پێدەگات و لە دوای کرداری جووتبوون ڕۆژانە زیاتر لە ٢هەزار هێلکە دادەنێت، هەر سندوقێکیش بە هەزاران هەنگی تێدایە کە لە چوار بۆ هەشت شانە لە خۆ دەگرێت.

-تەمەنی هەر یەک لەو مێش هەنگانە زیاتر لە چل ڕۆژ دەبێت، بە پێچەوانەی شاژن کە ٦ـ٨ساڵ دەژی، ئەویش دیارکردنی تەمەنی بە ڕەنگکردنی ساڵانەیەتی، هەر ساڵێک و ڕەنگێک دەکرێت، شاژن کارەکان بە ڕێکخستن بەسەر هەردوو ڕەگەزدا دابەش دەکات و هەر لە مانگی چوار کە بەهار دەکات، لە لایەن هەنگەکانەوە شیلەی گوڵەکان وەک پاشەکەوتێک کۆ دەکرێتەوە.

-ژینگەی هەنگ، دەبێت کەشێکی گەرمی نەبێت، چونکە گەرمی وا دەکات بەرهەمەکەی بتوێتەوە، پێویستە لە ژاوەژاو و شوێنی قەرەباڵغ بە دوور بێت، بوونەوەرێکی هەستیار و ناسکە و بە هاتنی گەرماش ناچێتە دەرەوە و ئەو هەنگوینەی لە ناو خۆیایەتی دەیخوات.

-هەنگوین کە بەرهەمێکی نایابە و ساڵانە لە سەرەتای وەرزی هاوین وکۆتایی وەرزی پاییز بەرهەم دەێت و جگە لە بەکارهێنانی وەک چارەسەرییەک بۆ چەند نەخۆشییەک، هاوکات ئاستێکی باشی ئابوری خاوەن هەنگەکان بەرز دەکاتەوە و لە هەموو جیهاندا خواستێکی بێ شووماری لە سەرە، هەنگەوانی جلووبەرگی تایبەت بە خۆی هەیە کە دەتپارێزێت لە پێوەدانی ئەو هەنگانە.

س.ح