ژنێکی ٧٠ ساڵ لە ڕووداوێکی تەمومژاوییدا سوتا

ژنێکی تەمەن ٧٠ ساڵ لە شارەدێی بیارە سوتا و گیانی لەدەستدا، بەڵام پۆلیس هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکار و چۆنیەتی سوتانی ئەو ژنە بەتەمەنە ئاشکرا ناکات، ئەمەش گومان دروست دەکات.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ڕائید بەرزان عوسمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ژنێكی تەمەن ٧٠ ساڵ بە ناوی( ك. م . س) لە گەڕەكی (پشت جۆگە) لە شارەدێی بیارەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە سوتاوە.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، پاش گەیشتنی تیمەكانی تەندروستی شارەدێی بیارە و پۆلیسی بیارە، ژنە سوتاوەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەڵەبجە كراوە، دواتر بەهۆی زۆری سوتاوییەكەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی كرا، بەڵام بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتاوییەكەیەوە لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی سلێمانی گیانی لەدەستداوە.

ڕۆژنیوز هەوڵیدا زانیاریی زیاتر لەسەر ڕووداوەکە و چۆنیەتی سوتان و هۆکاری سوتانەکە لە وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە وەربگرێت، بەڵام ناوبراو، جگە لەو زانیارییانەی، کە لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەبوو، هیچی دیکەی ئاشکرا نەکرد و وتی: تیمەکانمان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.

ئاشکرانەکردنی زانیاریی لەسەر ڕووداوەکە و ئەو ڕێژە بەرزەی سوتانی گوماناویی و خۆسوتان لە هەرێمی کوردستان، گومان لەسەر ئەم ڕووداوە و چەندین پرس دروست دەکات، کە ئاخۆ سوتانەکە بێ ویستی خۆی یان کەسێکی دیکە (قەزاوقەدەر) بووە، یان خۆی سوتاندووە یانیش سوتێندراوە؟!

ش.ف