ژنێکی ڕۆژهەڵاتی چیرۆک بۆ منداڵانی سلێمانی دەخوێنێتەوە

فەرزانە عەلی، کە ژنێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ماوەی سێ ساڵە پڕۆژەی خوێندنەوەی چیرۆکی بۆ منداڵان دامەزراندووە و ڕۆژانی هەینی چیرۆک بۆ منداڵان دەخوێنێتەوە، دەڵێت، کە ئامانجی لەم پڕۆژەیە، ئاشناکردنی منداڵانە بە کتێب و چیرۆک.


لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە لەشاری سلێمانی، ڕۆژانی هەینی منداڵان سەردانی ناوەندەکە دەکەن و چیرۆکیان بۆ دەخوێندرێتەوە، ئەم پڕۆژەیە ماوەی سێ ساڵە بە بەردەوامە.

فەرزانە عەلی، خاوەنی بیرۆکەی خوێندنەوەی کتێبە بۆ منداڵان، ئەو لەگەڵ هاوسەرەکەیدا پڕۆژەی ئەندێشەیان بۆ خوێندنەوە و فرۆشتنی کتێب دامەزراندووە، کە ئێستا یەکێکە لە دەزگا گەورەکانی فرۆشتن و چاپکردنی کتێب، لەدوای بەرەوپێش چوون و فراوانکردنی کارەکەیان، فەرزانە بیرۆکەی ئەوەی بۆ هاتووە کە بەشێک بۆ خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵان زیادبکەن.

فەرزانە عەلی، لەبارەی ئامانجی پڕۆژەکەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت:  منداڵان نەوەی داهاتوون و پێویستە کاریان لەسەر بکرێت و خوێندەوە ببیتە کلتورلایان، چونکە خوێندەوە بەشێکە لە ژیانی هەر کەسێک، ئامانجم لەم  پڕۆژەیە ئەوەیە منداڵان فێری گفتوگۆکردن بکەم لەسەر هەموو چیرۆکێک و کتێىێک تا ئاستی ڕۆشنبیریان بەرزبێت، لەگەڵ ئەوەشدا خۆم لە کاتی چیرۆک خوێندەوەکاندا گفتۆگۆیان لەگەڵ دەکەم، لەبارەی کارەکتەری ناو چیرۆکەکانەوە، کارە باش و خراپەکانی ناو چیرۆکەکان شیدەکەینەوە.

فەرزانە پێی وایە کارەکەی کاردانەوەی لەلای منداڵەکانی دروستکردووە، بۆ ئەوەش بەڵگەی ئەوەی دەهێنایەوە، کە منداڵەکان لەماڵەوە هاوشێوەی ئەو چیرۆک بۆ خوشک و برا بچوکەکانیان دەخوێننەوە یان بوکەڵە دادەنێن و چیرۆکی بۆ دەخوێننەوە.

بێجگە لە فەرزانە، کەسایەتییە دیارەکانی بواری ئەدەبی و ڕۆشنبیریی و هونەریی دەڕۆنە ئەندێشە و چیرۆک بۆ منداڵان دەخوێننەوە، بۆ ئەوەی منداڵەکان چێژ هەم لەبینینی ئەو کەسایەتییانە وەربگرن هەم لە گوێگرتن لە چیرۆکەکان.

ئەو منداڵانەی ڕۆژانی هەینی ڕوو لە ناوەندی ئەندێشە دەکەن تەنها چیرۆکیان بۆ ناخوێندرێتەوە، بەڵکو بەهاوبەشی لەگەڵ منداڵەکانی دیکەدا وێنە دەکێشن، هەروەها بە زمانێکی سادەی منداڵانە ڕێنماییە تەندروستییەکانیان بۆ شیدەکرێتەوە

د.هاڤێن کەمال، ماوەی زیاتر لە مانگێکە لەم پڕۆژەیەدا کاردەکات، هەموو هەفتەیەک ڕێنماییە پزیشکەییەکان بەو منداڵانە دەدات کە دێنە ناوەندی ئەندێشە، دەڵێت: ئامانجم لە بەشدارییکردن لەم پڕۆژەیەدا ئەوەیە بابەتە پزیشکییەکان بە شێوەیەکی سادە بۆ منداڵەکان باس بکەم، تابتوانن خۆیان بپارێزن لەهەموو نەخۆشیەک و ئاشنای هەموو جۆرە نەخۆشیەکبن.

بێجگە لەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان دەیانهێنن بۆ ناوەندی ئەندێشە، بەشێک لەو منداڵانەش کە لەبازاڕدا کاریی دەستگێڕیی دەکەن ڕۆژانی هەینی دێنە ئەوێ و گوێ لە چیرۆک و ڕێنماییەکان دەگرن و لەگەڵ منداڵەکانی دیکەدا وێنە دەکێشن.

یەکێک لەو منداڵانەی کەلەوێ بوو، منداڵێک بوو کە لەبازاڕدا کاری عەلاگە فرۆشیی دەکرد، خۆشحاڵ بوو بە ئامادەبوونی لەوێ و دەیوت: زۆر دڵم خۆشە کە من لێرەم، خۆزگە منیش دەمتوانی بخوێنمەوە بەڵام من خویندەواریم نییە، نەچومەتە خوێندنگا و لەبەر ماڵەوە کار دەکەم.

لەسەرەتای پڕۆژەی خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵان، لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە، منداڵی کەم سەردانی ناوەندەکەیان دەکرد بۆ ئەوەی گوێ لە چیرۆکەکان بگرن، بەڵام ئێستا هەموو ڕۆژانێکی هەینی زیاتر لە ٥٠ منداڵ دەچنە ناوەنی ئەندێشە و گوێ لە چیرۆک دەگرن و بەناو کتێبخانەکەدا دەگەڕێن.

د.ع