ژنێکی کورد لە بواری پزیشکییدا داهێنان دەکات

ژنێکی کوردی خه‌ڵکی خانه‌قین ئامێرێکی پزیشکی دروستکردووه، که‌ تایبه‌ته‌ به‌ " ڕاکێشانی خوێن و ده‌رزی لێدان" و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە وەک پرۆژەی داهێنان تۆمار دەکرێت.


ئایه‌ جه‌مال، خه‌ڵکی شارۆچکەی خانه‌قین-ی سەر بە پارێزگای دیالە-یە‌ و ته‌مه‌نی ٢٢ ساڵه‌، ده‌رچووی کۆلیژی بایۆته‌کنه‌لۆژییه‌ له‌ زانکۆی نه‌هرین له‌ به‌غدا، کە توانیوێتی ئامێرێکی پزیشکیی دروست بکات.

ئەو ئامێرەی ئایە دروستیکردووە بۆ "ڕاکێشانی خوێن و ده‌رزی لێدان"  له‌  جه‌سته‌ی  مرۆڤ به‌کاردێت، وەک خۆی باسی دەکات "بۆ یه‌‌که‌م جاره‌ داهێنانێکی له‌م شێوه‌یه‌ ئه‌نجام بدرێت".

بیرۆکەی دروستکردنی ئامێرەکە، بەناوی (ئایە)خۆیەوە له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عێراق تۆمارکراوە و له‌ماوه‌یه‌کی نزیکدا بڕوانامه‌ی  تۆمارکردنه‌که‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه‌ وه‌ک پڕۆژه‌یه‌کی داهێنان ده‌رده‌چێت.

ئایە جەمال، بۆ ڕۆژنیوز، وتیشی: ئه‌م ئامێره‌م له‌ زانکۆی نه‌هرین له‌ به‌غدا بۆ ئه‌مساڵ وه‌ک پڕۆژه‌ی ده‌رچوونم پێشکه‌ش کردووه‌ و وه‌ک یه‌که‌م پڕۆژه‌ ده‌ستنێشانکراوه‌، وه‌ چه‌ند کەسێک-یش به‌ڵێنیان داوه‌ وه‌به‌رهێنان له‌ ئامێره‌که‌دا بکه‌ن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد: ئه‌گه‌ر له‌ داهاتوودا ئه‌م ئامێره‌ دروستبکرێت خزمه‌تێکی زۆر به‌ مرۆڤایه‌تی دەکات و ده‌تواندرێت له‌ زانکۆ و تاقیگه‌کان و ته‌نانه‌ت ماڵانیش سوودی لێوه‌ربگرن به‌شێوه‌یه‌کی زۆر ئاسان.

سه‌باره‌ت به‌ داهێنانی ئه‌و ئامێره‌، مسته‌فا محه‌مه‌د، ئه‌ندازیاری بواری ئه‌لکترۆنی به‌ ڕۆژنیوزی وت: ئه‌م ئامێره‌ جۆرێکه‌ له‌ ڕۆبۆت، کە له‌ ئێستادا له‌ جیهاندا زۆر باوه‌، هەروەها له‌ زانکۆکان و سه‌نته‌ره‌کانی توێژینه‌وه‌ کاری له‌سه‌ر ده‌کرێت.

هه‌روه‌ها وتیشی: خوێندکارانی زانکۆ به‌تایبه‌ت به‌شه‌ ئه‌لکترۆنیه‌کان ئامێری زۆر ناوازه‌ و گرنگ دیزاین ده‌که‌ن، به‌ڵام به‌هۆی گرنگیی پێنه‌دان به‌ ئامیره‌ دروستکراوه‌کان و بیرۆکه‌کانی گه‌نجان، پڕۆژه‌کان وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان بکرێت و هه‌ماهه‌گی بکریت له‌گه‌ڵ کۆمپانیا جیهانیه‌کان بۆ سوود وه‌رگرتن له‌م جۆره‌ داهێنان و بیرۆکانه‌.

ش.ف