ژنێک بوو بە سەرۆکی دادگای باڵای ئەسیوبیا

حکومەتی ئەسیوبیا هەوڵ دەدات جێگەی ژنان لەناو دام و دەزگاکانی خۆی بەهێز بکات، بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، ژنێک وەک سەرۆکی دادگای باڵا هەڵبژێردرا. 


ئەسیوبیا یەکێک لە وڵاتە هەژارەکانی جیهانە، لە پارلەمانی ئەو وڵاتە و دوای پرۆسەی دەنگدان "میازا ئەشیفانی" بۆ سەرۆکایەتی دادگای بڵندی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا. 

ئەبیی ئەحمەد، سەرۆک وەزیرانی ئەسیوبیا دوای دەنگدان لە لێدوانێکدا وتی، ڕێگای ئێمە بۆ یەکسانی ژن و پیاو لە ئاستی بەڕێوەبردنی ئەسیوبیا بێ وەستان بەردەوام دەکات. 

ئەحمەد ئاماژەی کرد: ئەشیفانی یەکێک لە پارێزەرە بە ئەزموونەکانە و پارێزەری مافی مرۆڤی ئەسیوبیایە، و بە بیری هێنایەوە کە نیوەی ٢٠ وەزیری کابینەکەی لە سیاسەتمەدارانی ژن پێکهاتوون. 

ئەشیفانی ٥٤ ساڵان، کە دادوەر بووە و دواتر لە ئاستی مافی ژنان وەک پارێزەر تێکوشانی خۆی بەردەوام کردووە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی پارێزەرانی ژن لە ئەسیوبیا. 

ئەشیفانی بەوە ناسراوە کە، پارێزگاری لە کچێکی تەمەن ١٤ ساڵان کردووە، کاتێک کە دەستدرێژی سێکسی کرابووەسەر و تاوانبار کرابوو بەوەی کە ئەو کەسەی ویستبووی لە ڕێگەی دەستدرێژییەوە مارەی بکات، کوشتووە.  

جێگەی ئاماژەیە، ماوەیەک لەمەوبەر پەرلەمانی ئەسیوبیا لە دانیشتنی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ساهلە وۆرک زەودە، کارمەندی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزی پێشووتری ئەو وڵاتە لە وڵاتانی دەرەوەی، وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژارد.

 

ک.ک