ژنێک بەڕێژەی ١٠٠٪ سووتا

ژنێک بەڕێژەی ١٠٠٪ سووتا و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کرا.


ئەمڕۆ لە شارۆچکەی شارەزووری سەر بە پارێزگای سلێمانی ژنێک بەناوی (ش) تەمەن ٣٣ ساڵ سووتا و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی شەهید ڕەئوف بەگ لە شارەزوور، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسیی سلێمانی کرا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، ڕێژەی سووتانی ئەو ژنە ١٠٠٪ ، هەرچەندە بەپێی ڕاگەیەندراوی کەمال ئەحمەد، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی شەهید ڕەوف بەگ، کەسوکارەکەی وتویانە، گوایە 'لەکاتی نانکردندا بەهۆی غازەوە سووتاوە'، بەڵام بەرزی ڕێژەی سووتانەکەی گومان دروست دەکات، کە بەوهۆکارە سووتابێت.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٩٩ ژن سووتاون و ٥٨ی دیکەش خۆیان سووتاندووە، بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بدرێت، کە چەند لەو ژنانە لەلایەن کەسانی دیکەوە سووتێندراون.

ش.ف