ژنێک بە ئاگر گیانی لەدەستدا

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند: ژنێک ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا. بە وتەی کەسوکارەکەشی، ئەو ژنە "نەخۆشی دەروونیی لەگەڵ بووە".


سەرلەیانی ئەمڕۆ ژنێکی تەمەن ٤۹ ساڵ بە ناوی (غ ، ل) لە ماڵەکەی خۆیان لە ڕانیە لە گەڕەکی کێوەڕەش، بەهۆی ئاگرەوە گیانی لە دەستدا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند: بە گوێرەی وتەی کەسوکاری، ماوەیەکە ئەو ژنە نەخۆشی دەروونیی لەگەڵ بووە.

ئاماژە بەوەش کراوە: دوای ئەوەی لە پزیشکی دادوەری ڕانیە توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکەی کرا، دواتر ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین باسی لەوەش کردووە: مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کرایەوە و لەسەر ڕووداوەکە کەس دەستگیر نەکراوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

ئەمە یەکەمین ڕووداوی سوتان نییە، کە ژنەکە بە هەبوونی نەخۆشی دەروونیی تۆمەتبار بکرێت، بەڵکو لە ماوەی ڕابردوودا چەندین ڕووداوی دیکەی کوشتن و سوتان هەبوون، کە ژنەکەیان بەوە تۆمەتبار کردووە، کە نەخۆشی دەروونیی هەبووە.


ک.ک