ژنێک بە خواردنی دەرمانی ژەهراویی خۆی کووشت

ژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵان لە شارۆچکەی قەڵادزێ، بە خواردنی دەرمانی ژەهراویی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی مردنەکەشی، تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی سلێمانی کراوە.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین، ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی قەڵادزێ-ی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، ژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵان خۆی کوشتووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ژنەکە دەرمانی قەڵاچۆکردنی زیندەوەرە زیانبەخشەکانی خواردووەتەوە و گیانی لەدەستداوە.

ئەو ژنە ناوی (ش.م.ٲ) پیشەی کچی ماڵ بووە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٦ بووە، دانیشتووی گەڕەکی ڕاپەڕین-ی شارۆچکەی قەڵادزێ بووە.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی ڕاپەڕین، بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی مردنەکەی، تەرمی ئەو ژنە بەڕێکراوە بۆ پزیشکی دادوەریی سلێمانی.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٣٤ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

ب.ل