ژنێک بە دروستکردنی خواردنی تایبەت سەرنجی کڕیارانی ڕاکێشاوە

ژنێکی گەنج لە ناوەندی شاری سلێمانی، بە کردنەوەی ڕێستورانتێک و دروستکردنی خواردنی تایبەت، توانیویەتی سەرنجی کڕیارانی ڕابکێشێت و لەو ڕێگەیەشەوە ناوبانگێکی باشی پەیدا کردووە و توانیویەتی هەلی کار بۆ چەندین پیاو بڕەخسێنێت، ئەو ژنە داوا لە ژنان دەکات کۆڵنەدەن و کار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان بکەن.


دەشە کەریم، لەساڵی ١٩٩٠ لەشاری سلێمانی لەدایکبووە، دەرچووی زانکۆیە لەبەشی کوردی، هەر لەمنداڵیەوە خولیای خواردن دروستکردنی هەبووە، ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠١٧ەوە هەوڵیداوە ڕێستۆرانتێک بکاتەوە، بەڵام بەهۆی کێشەی مادیی و نەبوونی دەرفەتەوە نەیتوانیوە بیرۆکەکەی تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٨ جێبەجێ بکات.

دەشە کەریم، لە ئێستادا لە گەڕەکی ئاشتی شاری سلێمانی، خاوەنی ڕێستورانتێکە کە هەر بە ناوی خۆیەوەیەتی، لە بارەی کارەکەیەوە ئاماژە بەوە دەکات کە لەتەمەنی ١١ ساڵیەوە خولیای خواردن دروست کردنی هەبووە و کاتێک لەماڵەوە خواردنی ئامادە کردووە هەمووان سەرسام بوون پێی "چونکە ئەو خواردنانە تەنها کەسانی تەمەن گەورە توانیویانە ئامادەی بکەن، هەر ئەوەش پاڵنەر بوو بۆ ئەوەی بەردەوام خواردنی نوێ دروست بکەم و پەرە بە خولیاکانم بدەم".

لە بارەی کردنەوەی ڕێستورانتەکەی لە سەرەتادا دەشە وتی: سەرەتا بەلای کەسە نزیکەکان و دراوسێکانمەوە نامۆ بووە، چونکە هێشتا بۆ کۆمەڵگای کوردی قورسە ژنێک لە ٦ی بەیانی هەتا ١ی شەو لەدەرەوەکاربکات، بەڵام دواتر خەڵک ئیشەکەمیان بینی و زانیان کە من چی دەکەم و ئێستا زۆربەیان هاندەرمن.

لەبارەی کڕیارەکانیەوە دەشە کەریم وتی: زۆر کەس لە شوێنی دورەوە بەتایبەت دێن بۆ ڕێستورانتەکەم و نانم لەلا دەخۆن ئەمەش هەنگاوێکی باشە و زیاتر متمانە بەخۆبوونم لا دروست دەکات، دەشڵێت: پشتیوانی خەڵک و خێزانەکەی و بەتایبەت باوکی هۆکارێکی تایبەتی سەرکەوتنەکانیەتی.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە لەڕابردوودا شێوەیەکی ناشرین بە کاری ژنان دراوە، بۆیە ئەو دەیەوێت لە ڕێگای کارەکەیەوە جوانی بۆ کاری ژنان بگەڕێنێتەوە بۆ کۆمەڵگا و پیشانی بدات کە ژنانیش دەتوانن ببنە خاوەن کار و بە سەرکەوتووی بەڕێوەی بەرن.

دەشە لەبارەی پشتگیری ژنان و هاندانیان بۆ کارکردن وتی: ئەگەرچی هێشتا ڕۆژانە ڕەخنەی ڕوخێنەری لە لایەن هەندێ کەسەوە لێدەگیرێت، بەڵام بەردەوامە لە کارەکەی و داواشی کرد ژنان پشت بە خۆیان ببەستن و کار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان بکەن، چونکە

"هیچ شتێک مەحاڵ نییە".

یەکێک لە کڕیارەکان کە بۆ نان خواردن سەردانی ڕێستورانتەکەی دەشەی کردبوو ژنێک بوو وتی: "من یەکەم جارمە دێمە ئێرەو نان دەخۆم وبەڕێکەوت بڕیارماندابێم، زۆرمان پێخۆشە کە ژنێک بەو شێوەیە بتوانێت لەدەرەوە خواردن دروست بکات و پێشکەشمان بکات، ئێمە وەک ژنان کاتێک دەچینە دوکانێک یان ڕێستۆرانتێک کە ژنێک خاوەنی بێت زۆر ئاسودەترین وەک لەوەی پیاوێک خاوەنداری بکات".

چەندین پیاو لە ڕێستورانتەکەی دەشە کاردەکەن و بووەتە سەرچاوەی دارایی بۆیان لەوبارەیەوە  .ڕێکان فایەق، یەکێک لە کرێکارەکانی ڕێستورانتەکە وتی: من ئێرە

بەماڵی دووەمی خۆم دەزانم و دەشە وەک براو کەسی نزیکی خۆی مامەڵەمان لەگەڵ دەکات و زۆر ئاسودەم بەکارکردن لەگەڵی و کاتێک داواکارییەکمان هەبێت لەبارەی کارەوە بەبێ جیاوازی مامەڵەمان لەگەڵ دەکات و بۆمان جێبەجێ دەکات.

کۆڤان عەبدوڵا-ش، یەکێک لە دراوسێ دوکانی دەشەیە و وتی: دراوسێ دوکانی ژنێک جیاوازترە وەک لە دراوسێ دوکانی پیاوێک و تائێستاش هیچ کێشەیەکی لە گەڵیدا نەبووە و ئاسودەیە بە دراوسێیەتی.

لای خۆیەوە ئاڵا کەمال، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی کار، لەبارەی کاری ژنانەوە وتی: بۆ بەدەستهێنانی ئابووری سەربەخۆ ژنان پێویستیان بەوەیە خۆیان ئیش بکەن وهەوڵی بەدەست هێنانی کاربدەن، ئێستاش هەلی کار زیاتر بۆ ژنان ڕەخساوە.

وتیشی: نموونەی وەک دەشە ڕێستۆرانت نامۆ نییە و زۆرن ئەو ژنانەی خاوەنی پرۆژەی تایبەت بەخۆیانن بەڵام لەگەڵ خواستی بازاڕ نین و هێشتا ئەکرێ زۆرتر بکرێن.

باسی لەوەش کرد کە کۆمەڵگەش زۆرجار ڕێگرە لە کارکردنی ژنان، بەڵام ئێستا بەشێک لە ژنان توانیویانە لە زۆر بواردا کار بکەن.

ک.س