ژنێک بە پەت خنکا

لە شاری هەولێر ژنێک بە پەت خنکا و پۆلیس-یش دەڵێت: تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە، کە خۆی خنکاندووە یان خنکێندراوە.


دوێنێ لە شاری هەولێر ژنێکی تەمەن ٣٨ ساڵ و دایکی چوار منداڵ، تەرمەکەی بە هەڵواسراویی لە نهۆمی دووەمی ماڵەکەیاندا لەلایەن منداڵەکانییەوە بینرا و دواتر پۆلیس لە رووداوەکە ئاگادارکرایەوە.

هوگر عەزیزی، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە ڕۆژنیوزی وت: تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە، ئەو ژنە خۆی خنکاندووە یانیش خنکێندراوە.

ئاشکراشیکرد، کە هاوسەری قوربانییەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.

هەر لەم هەفتەیەدا و لە هەمان شار، ژنێک لەبەردەم دادگادا لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، کە بکوژان نەک تەنیا لەناو ماڵەکانیاندا، بێ سڵەمینەوە لە یاساش لەبەردەم دادگادا ژن دەکوژن..

کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێت بە دیاردە و هەندێک لە توێژەرانیش وەک دیاردەیەکی مەترسیدار ناوی دەبەن و دەڵێن، کە باشوری کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی قوڵی کۆمەڵایەتیی بووەتەوە.

ش.ف