ژنێک لە ئەنفالەوە بۆ تێکەڵ بوون بە بۆنی خاک

دەستپێکی هەموو ڕۆژێکی نوێ بازوو و پەنجەکانی لەگەڵ خاک و ئاودا ئاوێتە دەکات، تا ئەو قوڕەی پێویستیەتی ئامادەی دەکات بۆ دروستکردنی تەنور و مەقەڵی و ئاگردان، سەبیحە ئەحمەد ئەو ژنە گەرمیانییەی بۆتە سیمبولێک بۆ تاوانی ئەنفال و نموونەی ژنێکی ڕەنجدەر بەرامبەر سەختییەکانی ڕۆژگار.


قۆناغی سێیەمی ئەنفال، کە بە ئەنفالی گەرمیان یان ئەنفالی ڕەش ناسراوە و قورسترین قۆناغی ئەنفال بوو، ڕۆژی ٧ی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ دەستیپێکرد و هەموو ناوچەکانی چەمچەماڵ، سەنگاو، کفری، کەلار، زنانە، قادر کەرەم، دوز، پێباز و تیلەکۆ و لەیلانی گرتەوە و زیاتر لە ٥٠٠ گوند و چوار شارەدێ وێرانبوون و دەیان هەزار ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتەی لە دوای زیلە سەربازییەکانەوە بردە بیابانەکانی عەرعەر و زیندانەکانی دبس و نوگرەسەلمان و زیندەبەچاڵی کردن.

سەبیحە ئەحمەد، ژنێکی خەڵکی گوندی عەلیانی سەبە شارەدێی زنانەیە، لەدوای وێران بوونی گوندەکەیان و لەدەستدانی هاوسەرەکەی لەو پرۆسەیەدا، خۆی و دوو منداڵی کچ و سێ کوڕی لەلایەن ڕژێمەوە ڕاپێچی زیندانی دبسی سەر بە پارێزگای کەرکوک-کران، سەبیحە لە زیندانەکەدا یەکێک لە منداڵە کوڕەکانی گیان لەدەست دەدات و هەر لەو زیندانەشدا دوایین کوڕی لە دایکبووە.

دوای مانەوەی زیاتر لە شەش مانگ لەو زیندانەدا و لەژێر ستەم و ئەشکەنجەی ڕژێمی بەعسدا، بە لێخۆشبوونی گشتی ڕزگاریان بووە، پاش گەڕانەوەیان لەگەڵ منداڵەکانیدا لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان نیشتەجێبوون، کە ئەوکات ئۆردووگا (کامپ)بووە.

ئەو ژنە گەرمیانییە سەبارەت بە زەحمەتییەکانی ئەو قۆناغە و ڕەنج و کۆڵنەدانی خۆی وەکوو ژنێک بۆ دووبارە ژیانەوە و پێگەیاندنی منداڵەکانی بەمشێوەیە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت: دوای گەڕانەوەمان هیچمان نەبوو، خەڵکی خێرخواز دەیان بردینە ماڵەوە و خواردنیان پێدەداین، تا دەستم بە کارکردن کرد، هەموو کارێکی زەحمەتم دەکرد لە درەوکردن و دەستکەنە و قوڕشێلان و تەشی ڕستن و کاکێشان، بۆ ژیاندنی منداڵەکانم ژیانێکی پڕ لە ناخۆشی و زەحمەم بەڕێکرد.

بەردەوامیی بە گێڕانەوەکانی ژیانی دا و، وتی: تا ئەوکاتەی فێری دروستکردنی تەنووری قوڕی نانکردن بووم، دەستم دایە ئەو کارە و لەگەل ئەوەشدا فێری دروستکردنی مەقەڵی و ئاگردان و چەندان شتیتربووم بە قووڕ، لەو ساڵانەوە تا ئێستا بەردەوامم و بە پارەکەی بژێوی ژیانمانی پێ دابین دەکەم.

دایە سەبیحە سەبارەت بە چۆنییەتی کارەکەی وتی: کارەکەی من خۆڵێکی باشی پێویستە بۆ ئەوەش لە جێگەیەک خۆڵ پەیدادەکەم و دواتر بە قووڵنە و بێڵ (خاکەناز و پاچ)، خۆڵەکە هەڵدەکۆڵم و بە تراکتۆر باری دەکەم و دەیهێنم بۆ بەردەم ماڵەکەم، هەموو بەیانییەک زوو لە خەو هەڵدەستم خۆڵەکە بە بێژنگ دەبێژم و ئاو و خوێی تێکەڵ دەکەم و دەستدەکەم بە قوڕ شێلان تا  قوڕەکە ئامادە دەبێت، پاشان دەست دەکەم بە دروستکردنی تەنوور و مەقەڵی و ئاگردان تا ئێوارە سێ تەنوور دروستدەکەم.

لە ئێستادا تەنوور و ئاگردان و مەقەڵی و لە قووڕ دروستکراوەکانی دایە سەبیحە ناوبانگێکی بەرچاویان پەیداکردووە و جگە لە داخوازی خەڵکی شارەدێکەی خۆیان، لە شارۆچکەکانی کفری و کەلار و چەمچەماڵ و هەڵەبجە و زۆربەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستانەوە داخوازییان لەسەرە و لێی دەکڕن، ئەو دەڵێت:"نانی تەنووری قوڕ تام و بەرامەیەکی تایبەتی هەیە".

س.ح