ژنێک لە کەلار کوژرا

لە شارۆچکەی کەلار ژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بە دوو فیشەک بریندارکرا و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، پۆلیسیش لێکۆڵینەوەی "ورد"ی لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە.


بەوتەی عەلی قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، ئه‌مڕۆ له‌ شارۆچكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، ژنێک بە فیشەک کوژرا.

ژنەکە ناوی (ش.ع.م) له‌دایكبووی ساڵی ١٩٩٥ بووە و پیشەی كارمه‌ندی ته‌ندروستییه‌، بەوتەی سەرچاوەیەک لە نه‌خۆشانه‌ی فریاكه‌وتنی شه‌هید هه‌ژار، دوای ئەوەی دوو فیشه‌ک به‌ر جه‌سته‌ی ده‌كه‌وێت، ژنەکە دەگەیەندرێتە‌ نه‌خۆشانه‌کە و بۆ ماوەی کاتژمێرێک بە برینداریی ماوەتەوە، دواتر بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

عه‌لی قدوری، وته‌بێژی پۆلیسی گه‌رمیان بۆ‌ ‌ڕۆژنیوز دەڵێت: پۆلیس بۆ زانیاری زیاتر له‌ سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ ده‌سی به‌ لێكوڵینه‌وه‌ی ورد كردووه‌ و دوو كه‌سیش ده‌ستگیركراون، بەڵام دیارنییە کە ئەوان بکوژەکەن یان نا.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٣٦ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

ب.ل