ژنە مێژوونووسێک: گوڤەن پێشەنگی ژنانی سەردەمە

لەیلانی ژنە مێژوونووس، کە تەمەنی ٨٤ ساڵە، پشتیوانی لە مانگرتنی لەیلا گوڤەن کرد و، وتی، لەیلا گوڤەن پێشەنگی ژنە کوردی سەردەمە لە دوای ئارین میرکان و ئاڤێستا خاپور و زەکیە ئەڵکان، هاوکات داوا دەکات پارێزەران ئۆجالان ببینین و ئەویش ڕێگای چارەسەریی بخاتەڕوو.


ژنە مێژوونووسی کورد شەفیقە عەلی ناسراو بە لەیلان، کە خاوەنی ١٧ کتێبە و تەمەنی ٨٤ساڵە، پشتیوانی لە چالاکی مانگرتنی لەیلا گوڤەن کرد کە لە دژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ١٥٣ڕۆژە لە مانگرتندایە و لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دووا.

لەیلان، لە سەرەتای قسەکانیدا سڵاوی بۆ لەیلا گوڤەن نارد و، وتی: چاوی لەیلا گوڤەن ماچ دەکەم و ئەو پێشەنگی ژنە کوردی سەردەمە لە دوای ئارین میرکان و ئاڤێستا خاپور و زەکیە ئەڵکان، ئەوەتا دونیا چاویان لەو کردووە و لە هەموو شوێنیک و زیندانەکان مانگرتنیان ڕاگەیاندووە و چەند کەسێک شەهید بوون و گیانی خۆیان بەخشیوە.

لەیلانی مێژوونووس، هیوادارە ئامانجی مانگرتووان بەدیبێت و دەشڵێت "دەیبینین کە سەرکەوتن هەر بۆ گەلی کوردە و مردن بۆ داگیرکەری کوردستانە، جا لە هەر پارچەیەک بێت، ئەو کەسانەشی کە هاوکاری داگیرکەردەکەن، ئەوە گەورەترین خیانەتە".

لەیلانی ٨٤ ساڵ باسی لە خەبات و نووسینەکانی عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی:"بە ڕاسپاردەکانی ئۆجالان هەموو کوردستان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە ئازاد دەبێت، چونکە بۆ هەموو مرۆڤایەتییە و نووسینەکانی بەڵگەی ڕاستەقینەن بۆ تێکۆشان، هەنگاو بە هەنگاو لە گەڵ نووسینەکانیدا ڕۆشتووم".

لەیلانی مێژوونووس، ڕەخنەی لە ئەو کەس و لایەنە سیاسیانە گرت کە بێدەنگن لە ئاستی گۆشەگیری سەر ئۆجالان و ئاماژەی بەوە کرد، کە هەر کەسێک هەڵوێستی نەبێت و خاوەنداریی لێ نەکات "خیانەتکارە".

ئەو ژنە داوای کرد، پشتیوانی چالاکییەکانی مانگرتووان بکرێت، وتیشی: با پارێزەرانی بینین، بەڵکو چارەسەرێک بۆ ئەم گەلە بدۆزێتەوە کە چیبکەین بۆ ئێستامان باشە".

س.ح