ژیندا هندستانی ئێستا لە چیاکان گەریلایە

ژنە گەریلای هێندستانی بە ڕەنگ، زاراوە و دڵگەرمی سەرنجڕاکێشی خۆی بانگەوازی هەموو ژنانی جیهان دەکات کە ڕوو لە چیاکانی کوردستان بکەن.


شەڕ چارەنووسی مرۆڤ و زیندەوەرانی سەر ئەم جوگرافیایە دەگۆڕێت، شەڕێک کە ڕێگە لە کۆمەڵکوژی، کۆچبەربوون، مردن و پاکتاو کردن دەکاتەوە، هەروەها دەبێتە هۆی ئەو کارەساتانەی کە سەدان ساڵ بەردەوام دەبن، بەهۆی شەڕی درێژخایەنی نێوان هێندستان و پاکستان، دەیان هەزار لە خەڵکی ئەو دوو وڵاتە بە ناچاری خاکی خۆیان جێهێشت و ڕوویان کردە ناوچە جیاجیاکانی جیهان، دۆخی ئاڵۆز لەو ناوچانە جاروبار ڕوودەدات، بۆیە کۆچبەری کۆتایی پێناێیت، کۆچبەرەکانی هێندستان و پاکستان لەو ناوچانەی کە ڕوویان تێکردووە، چاندی خۆیانیان لەبیر نەکردووە، بەڵام هاوکات دەکەونە ژێر کاریگەری کلتوری ئەو ناوچانەش، وەک ژنێکی گەنج بەناوی "ژیندا جوودی" کە ئێستا لە چیاکانی کوردستانە.

ژیندا جوودی گەریلای یەژاستار، بە ڕەنگ و زاراوەی خۆی یەکجار سەرنجڕاکێشە، ژیندا خەڵکی هێندستانە، تازە کوردی فێربووە و کاتێک ناتوانێت مەبەستەکەی بگەینێت، بە زمانێکی ناوچەیی عەرەبی بەردەوام دەکات، خانەوادەکەی بەهۆی شەڕی نێوان پاکستان و هێندستان، سەرەتا کۆچبەری منبیج بوون و دوایی چوونەتە تورکیا و دوای ماوەیەک کۆچیان کردووتەوە بۆ دیمەشق.

پەکەکەی لە دیمەشق ناسی

کاتێک لە دیمەشق بوو پەکەکەی ناسی و بەشدار بوو، ژیندا جوودی دەڵێت: لە هەڤاڵانی ئێرە فێری بەرخۆدان و تێکۆشان بووم، مرۆڤ لەم چیایانە شتانێک دەبینێت کە لە هیچ کوێی جیهاندا نییە، بە گەریلابوونی ژنان زۆر گرنگە و ئێمە نرخی دەزانین، و بۆ ئەوەش قەرزداری ڕێبەر ئاپۆ-ین.

ژیندا هەروەها دەڵێت: ئەو کاتەی بەشداری ناو ڕێزەکانی پەکەکە بووم، دەرفەتم بۆ ڕەخسا کە ڕێبەر ئاپۆ بناسم، ئیتر باوەڕم بەوە مەزن بووە کە ڕێبەر ئاپۆ ژن ئازاد دەکات.

وارگەی ژنانی بندەستە

ژیندا جوودی، چیاکانی کوردستان وەک وارگەی ژنانی بندەست دەزانێت و بانگ لە هەموو ژنان دەکات، کە ڕوو لە چیاکانی کودستان بکەن، ژنانی هەموو گەلانی جیهان بانگ دەکات کە لە چوارچێوەی فەڵسەفەی ئۆجالاندا، پێکەوە کۆببنەوە، "چونکە تێکۆشانی ئێمە دەرمانی هەموو گەلانی بندەستە".

هەوڵدەدات فێری کوردی ببێت

ژیندا دەڵێت: ئێمە بۆ جیهانێکی فرە زمان، فرە چاند، فرە باوەڕی و فرە رەنگ تێدەکۆشین، زمانی کوردی و هێندی لە زۆر وشەوە لێکنزیکن، هەوڵدەدەم کوردی فێر ببم.

پێویستە ئیتر دوژمنانی کوردستان لەم خاکە بڕۆن

ژیندا جوودی ئەو وتەیەی ئۆجالان دەگەڕێتەوە کە دەڵێت 'پێویستە ژنان ڕوو لە چیا ئازادەکان بکەن'، بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت: با دوژمنانی کورد بزانن کە چیاکان پڕن لەو ژنانەی کە لەسەر بانگی ڕێبەر ئاپۆ لەسەرپێن، پێویستە ئیتر دوژمنانی کوردستان لەم خاکە بڕۆن، بە داگیرکاریی و کۆمەڵکوژی شتێکیان دەست ناکەوێت، چونکە ئێرە خاکی کوردستانە و گەریلاکانی دەیپارێزن.

لە کۆتاییدا ژیندا جوودی ئاماژە بەوە دەکات، تازیاتر ڕێکخستنی ژنان بەهێز بێت، توندوتێژی لەدژی ژنان کەمتر دەبێت، "ژن شۆڕش دروست دەکات و هێز و عەشقی خۆی تێکەڵی شۆڕش دەکات، ژنان بۆ بینینی ڕۆحی فیدایی، ئازادی ژن و هێزی ژنان، پێویستە بێنە ئێرە".

س.ح