ڤیان جاف، بورکانێک بە ڕووی پیلانگێڕاندا

 ڤیان جاف ١٣ ساڵ پێش ئێستا، لەدژی پیلانگێڕیی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و بە چالاکییە گیانبازییەکەی بوو بە وەڵام و بورکانێک بە ڕووی سەرجەم پیلانگێڕیییەکاندا.


ئەمڕۆ ١٣ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر چالاکیی ڤیان جاف، جەنگاوەرێکی باشوری کوردستان، کە چالاکییەکەی دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەسەر ئاستی کوردستان و جیهانیش لێکەوتەوە.

لەیلا والی حوسێن، ناسراو بە "ڤیان جاف" یان " ڤیان کارۆخ" و "ڤیان سۆران" لە ساڵی ١٩٨١ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، هەر لە سلێمانی قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی خوێندووە و یەکێک بووە لە خوێندکارە دیار و هەڵکەوتووەکانی قوتابخانە و هەر لە منداڵییەوە درکی بە زوڵمی سیستەمی کۆمەڵایەتی کردووە و پێی پەسەند نەکراوە، هەربۆیە هەمیشە ڕووبەڕووی ئەو ئەقڵییەتە کۆنەپەرستییە بوەتەوە کە ژنی بێ ئیرادە کردووە.

هەرچەندە ڤیان یەکێک بووە لە خوێندکارە هەرە زیرەکەکان، بەڵام خوێندن ناتوانێت پەی بە خەونە ئازادیبەخشەکانی ببات، ئیدی لە میانەی لێگەڕینە قووڵەکانی بۆ ترووسکاییەکانی ئازادیی، لە بەهاری ساڵی ١٩٩٧دا دەستبەرداری خوێندن دەبێت و بەشداری لە شۆڕشی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بە ڕێبەرایەتی پەکەکە کرد و لە ماوەیەکی کورتدا لە میانەی پەروەردە و خۆپەروەردەکردندا، بە شێوەیەکی زانستی درک بە ڕاستینەی کۆمەڵگا و کەسێتی ژن دەکات و بە جۆشێکی مەزنەوە بەشداری پەروەردە و ژیان و چالاکییەکانی ژیانی شۆڕشگێڕیی دەبێت، لەسەر پێداگریی خۆی، گۆڕەپانی شەڕ وەک یەکەمین بەشداری شۆڕشگێڕانە هەڵدەبژێرێت و دەچێتە ڕیزەکانی گەریلا و بەشداری چالاکانە لە چەندین چالاکی گەریلاییدا دەکات.

ڤیان جاف بەهۆی لێهاتووییەوە لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٧دا لەلایەن هەڤاڵانییەوە دەپاڵێورێت‌ بۆ بینینی پەروەردە لە گۆڕەپانی ئۆجالان، بەڵام بەهۆی بارودۆخی دژواری ئەوکاتە ئەو دەرفەتەی بۆ ناڕەخسێت و ئیدی بینین و پەروەردەی ئۆجالان لای دەبێتە یەکێک لە حەسرەتە هەرە مەزنەکانی و لەدوا نامەکەی خۆیدا گوزارشت لەو حەسرەتە بە ئازارەی خۆی دەکات، لە ساڵی ١٩٩٨دا بەشداری کۆنفرانسی باشوری کوردستان دەبێت. و دواتر وەک کادیرێکی لێهاتوو بەشداری لە کۆنفرانسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی ٢٠٠٠، لە کوێستانەکانی چیای قەندیل-دا دەکات و بەڕاوبۆچوونە وردو قووڵەکانییەوە کۆنفرانسەکە بەپێز و بەرهەمدارتر دەکات.

لەیلا والی حسێن، هەر لەدوای ئەو کۆنفرانسەدا بەشداری لە خەباتی ڕێکخستنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکات و هەر زوو دەچێتە دڵی خەڵکی ئەم پارچەیەی کوردستانەوە و ڕۆڵێکی مێژوویی گرنگی بینی لەو تێکۆشانەدا و وەک ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەری "بزاڤی چارەسەری دیموکراتی" و پاشانیش لە یەکەمین کۆنگرەی "پ. چ. د. ک" لە ساڵی ٢٠٠٢دا وەک ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی دەستبەکار دەبێت.

 هەر لەو ساڵەدا لە چوارەمین کۆنگرەی بزاڤی ژناندا دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی پارتی ژنی ئازاد، هەروەها وەک نووسەرێکی بە تواناش سەبارەت بە کێشە و ئازادییەکانی ژنانی کورد و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان چەندین وتار و لێکۆڵینەوەی نووسیوە و لە ژێر ڕێنمایی ئۆجالاندا، کە "شۆڕشی باشور شۆڕشی ژنە"، وەک بەرپرسیارێکی مێژوویی ڕۆڵی سەرکردایەتی ژنانی لە باشوور دەگێڕا.

لە ساڵی ٢٠٠٣دا وەک ئەندامێکی دەستەی گشتی بەشداری لە دامەزراندنی "کۆنگرەی گەل"دا کرد و لە دەستەی بەڕێوەبەرایەتیدا و لەسەر داوای هەڤاڵانی وەک ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەر و سەرلەنوێ‌ بونیادنانەوەی پەکەکەدا ڕۆڵی بەکاریگەری لە دامەزراندنی پەکەکەی نوێدا گێڕاو و دوایی لەسەر بنەمای پێشنیار و پێداگری خۆی چووە ڕیزەکانی هێزی پاراستنی گەل و وەک فەرماندەیەکی یەکینەکانی ژنی ئازاددا لەناوچەی هەفتانینی بادیناندا بە بەرپرسیارێتییەکی مەزنەوە لەبەرامبەر قۆناغی هەستیار و چارەنووسسازی گەلەکەی تێکۆشانی جددی بەڕێوەدەبرد بۆ وەڵامدانەوەی ئەرکە مێژووییەکان و سەرجەم هێرش و شاڵاوەکانی دوژمنان و داگیرکاران.

تا دەهات لە ڕووی فیکریی و ئایدیۆلۆژی و سیاسی و لەبواری کرداریدا قووڵتر دەبووە و ئەزموونی مەزنی دەئافراند و بەجۆش و ڕامانێکی قووڵەوە بەرگرینامەکانی ئۆجالانی دەخوێندەوە و شیدەکردنەوە، بۆیە نەیدەتوانی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ پەسەند بکات و وەک قەدەرێک ببینێت‌، لەهەوڵ و تێکۆشاندا بوو، کە چۆن بتوانێت‌ وەک ملیتانێکی سەردەم بەشداری لە شەرمەزارکردن و پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانگێڕییە نەگریسەدا بکات.

هەروەک خۆی لەنامەکەیدا دەڵێت: "هەرگیز نەمدەتوانی هەشتەمین ساڵوەگەڕی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات پەسەند بکەم، بۆیە پێویست بوو وەک بورکانێک ڕووبەڕووی سیاسەت و پیلانگێڕییەکانی دوژمنانی ئازادیی ژن و گەلی کوردستان ببمەوە".

 لەیلا والی حسێن، ناسراو بە ڤیان جاف، لە شەوی ١ لەسەر ٢ی مانگی شوباتی ٢٠٠٦ لە هەشتەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی، لە ناوچەی هەفتانین لەژێر دروشمی "سەرلەنوێ‌ واتادایین بە وتەکانمان" گڕی لە جەستەی خۆی بەردا و بە چالاکییە گیانبازییەکەی خۆی، عەشقی خۆی بۆ ئازادیی و ژیانێکی بەکەرامەت و پەیوەستبوونی بە عەبدوڵا ئۆجالان و ئامانجە پیرۆزەکانی ژنانی کورد و تەواوی گەلی کوردستان سەلماند.

شەهید "ڤیان"ی سەرکردە بەو چالاکییە گیانبازییە، بوو بە وەڵامێکی سەرسەختی سەرجەم پیلانگێڕییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.

سارا ڕەزا، چالاکوان دەربارەی شەهید ڤیان دەڵێت: شەهید ڤیان بەو چالاکییە گیانبازییەی بۆ ئێمە و تەواوی جیهانی سەلماند، کە لەگەڵ ڕێبازەکەی عەبدوڵا ئۆجالانین و یەکێک بوو لەو ژنە شۆڕشگێڕانەی، لەو لەیلایانەی کە ئەنجامی چالاکیی و تێکۆشانەکەی، ئەمڕۆ لە هەموو لایەکی کوردستان دەبینرێت، بە تایبەت ئەو مانگرتنەی ئەمڕۆ لە ئارادایە.

سارا وتیشی: پێویستە هەموو ژنانی باشور، کە بە ئاگا بێنەوە لە پێناوی خاک و گەلەکەیاندا و ئەو ڕۆژە بەرز بنرخێنن، چونکە شەهید ڤیان سیمبولی تێکۆشان بوو و دەتوانین لە ڕیگای چالاکییە جۆربەجۆرەکانمان درێژە بەو خەباتەی شەهید ڤیان بدەین و پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکان پووچەڵ بکەینەوە، هەربۆیە دووپاتی دەکەینەوە لە سەر ڕێبازەکەی ڤیان جافین تا دواهەناسە.

هەروەها بەیان فەرەج، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، بەڵێنی بەردەوامبوون بە ڕێبازی شەهید ڤیان دەدات و دەڵێت: ئێمە وەکو ژنانی باشوری کوردستان، هەڤاڵ ڤیان بە پێشەنگی خۆمانی دەزانین و تا ئێمە مابین لەسەر ڕێبازی هەڤاڵ ڤیان بەردەوام دەبین، چونکە بەستەڵەکێک دروست ببوو لە باشوری کوردستان کە هەڤاڵ ڤیان بە چالاکییەکەی ئەو بەستەڵەکەی تواندەوە.

وتیشی: بێدەنگبوونی بەرامبەر ئەو گۆشەگیرییەی سەر ڕێبەر ئاپۆ پەسەند نەکرد، بۆیە هەموو کتێب و نامەکانی هەڤاڵ ڤیان، کە بۆ ئێمەی جێهێشتوە هەمووی ڕێنمایە بۆ ئێمە.


ک.ک