"ڤیان جاف بوو بە دەنگێک لە دژی بێدەنگییەکان"

لە شارۆچکەی پێنجوێن سەربە پارێزگای سلێمانی، یادی شەهید ڤیان جاف کرایەوە و ئاماژە بۆ ئەوە کرا، کە "ڤیان جاف بوو بە دەنگێک لە باشوری کوردستاندا لە دژی بێ دەنگییەکان".


ئەمڕۆ لە شارۆچکەی پێنجوێن، بە دەستپێشخەریی "کۆمیتەی  ژنانی باشور بۆ هەڵمەتی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ" و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان – ڕژاک، یادی شەهید ڤیان جاف کرایەوە و پشتیوانی مانگرتنەکانی دژ بە گۆشەگیرییش کرا.

سەرەتا بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد و دواتر بەشێک لە نامەکانی شەهید ڤیان خوێندرایەوە، کە پێش چالاکییە گیانبازییەکەی نوسیویەتی، پاشان سینەفیزیۆنێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید ڤیان نمایشکرا، دوای ئەوە پەیامی "کۆمیتەی ژنانی باشور بۆ هەڵمەتی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ" لەلایەن چنور پێنجوێنی، ئەندامی ڕژاک خوێندرایەوە.

لە پەیامەکەدا دەربارەی چالاکییە گیانبازییەکەی ڤیان جاف هاتبوو: هەڤاڵ ڤیان چلاکییەکەی لە دژی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی و لەپێناو هەڵگرتنی گۆشەگیریی و ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و تەواوی گەلی کورد و هەموو ژنان ئەنجامیداوە، ڤیان جاف بوو بە دەنگێک لە باشوری کوردستاندا لە دژی بێ دەنگییەکان.

هەر لەو پەیامەدا ئاماژە بە چالاکیی مانگرتن لە خواردنی لەیلا گوڤەن، پەرلەمانتاری هەدەپە کرا کە دژ بە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان نزیکەی سێ مانگە بەردەوامە و باس لەوە کرا: لەیلا گوڤەن بە چالاکییەکەی گەورەترین گورزی لە فاشیزم وەشاند، گۆشەگیریی پارچە کرد، نمونەی جوانترین پەرلەمانتاری و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەلی پیشانی هەموو جیهاندا، هەموو لەیلاکانیش (لەیلا قاسم، لەیلا والی حسێن، لەیلا گوڤەن) لە پێناوی پێشەنگایەتی ژن لە شۆڕشی ژنان، و شۆڕشی کوردستاندا تێکۆشاون و تێدەکۆشن، ئەم ئامانجەش لەهەمان کاتدا ئازادیی ڕێبەر ئاپۆیە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە: چالاکییەکەی هەڤاڵ ڤیان و لەیلا گوڤەن و ناسر یاگز و هەموو چالاکوان، چالاکی کەسیی نییە و بۆ تەواوی گەلی کورد و ژنان و هەموو مرۆڤایەتییە، بەتایبەتی بۆ خەڵکی باشوری کوردستانە، چونکە بەرێوەبردنی گۆشەگیریی و پیلانگێڕیی بە واتای نکۆڵیکردن لە ئیرادەی تەواوی کوردان و بەردەوامیدان بە داگیرکاریی لەسەر هەموو بەشەکانی کوردستانە.

 

ک.ک