ڤەژین: خوێندنەوەی ڕاستیی قەیرانەکان هەنگاوی سەرەکیی چارەسەری کێشەکانە

هاوسەرۆکی پژاک ئاماژەی بەوەداوە کە کەمپەینەکەی "کژار" هەنگاوێکی گرنگە بۆ گۆڕانکاری لە دۆخی ژانانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ودەڵێت: خوێندنەوەی ڕاستی قەیرانەکان هەنگاوی سەرەکی چارەسەری کێشەکانە.


زیلان ڤەژین، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، لەسەر ئەو کەمپەینەی، کە ڕۆژی ٢٨ی تەمموز کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار، لەژێر ناوی "دژی توندوتیژیی یەکبگرین، تێکۆشان بکەین و ئازاد ببین" دەستیپێکرد، وتارێکی لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی پژاک بڵاو کردووەتەوە.

هاوسەرۆکی پژاک لە دەستپێکی بابەتەکەی ئاماژەی بە سیستمی هەژمونگەرای ئێران کردووە، کە کۆمەڵگای تووشی قەیران کردووە و خستوویەتە دۆخی نەخۆشێکی گیرۆدەی شێرپەنجە و ڕوو لە مەرگ و دەڵێت: سیستمی پیاوسالاریی لە قۆناغەکانی کۆتایی خۆیدایە و هەموو هەوڵێک بۆ مانەوەی خۆی دەدات، سیستمێک کە لەسەر بەکۆیلەکردنی ژن دامەزراوە و ژنان یەکەم قوربانییەکانی ئەو سیستمەن.

ڤەژین، دەشڵێت: ژنان دژی ئەم سیستمە بەردەوام بەرخۆدان و تێکۆشانیان کردووە و قوربانیی زۆریان داوە و زۆرێکیان گیانی خۆیان فیدا کردووە.

لە بەشێکی دیکەی بەبەتەکەیدا زیلان ڤەژین نووسیویەتی: لە بەرامبەر زیهنییەتی پیاوسالارییدا، بزوتنەوەی ئازادیخوازی ژنانی کورد لەسەر بنەمای فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و کەڵک وەرگرتن لە ئەزمونی تێکۆشانی هەموو ژنانی مێژوو، تا ئێستا لە هەموو بەشەکانی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان تێکۆشان دەکەن، بە بەرزبوونەوەی ئاستی خەباتی ژنانی کورد، زۆرێکیان لە پێناو تێکۆشان دژی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان کە لەلایەن باوک، برا و هاوسەرەکانیان و بە تایبەت دەوڵەت بەسەریاندا سەپاوە پەیوەستی ڕیزەکانی خەبات بوون، ژنان لەم ڕێگایەدا ئیرادەیان بەدەست هێناوە خۆیانیان ناسیوە و لەپێناو ژیانێکی دیموکراتیی و ئازاد دەستیان بە تێکۆشان کردووە.

زیلان ڤەژین، لە بەشێکی دیکەی بابەتەکەی نووسیویەتی: ئێستا کەمپەینێک لەلایەن کژارەوە بە دروشمی "دژی توندوتیژیی یەکبگرین، تێکۆشان بکەین و ئازاد ببین" دەستیپێکردووە، هەنگاوێکە لەژی توندوتیژیی دەرونیی و جەستەیی، کە ڕۆژانە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لەسەر ژنان بەڕێوە دەبرێت، ئێران یەکێکە لەو دەوڵەتانەی مافی ژنان تێدا بە شێوازێکی سیستماتیک پێشل دەکرێت و کۆمەڵگا و ژنانی خستووەتە ناو خەرمانێک لە کێشەکان، توندوتیژیی لە کۆمەڵگای ئێران گەیشتووەتە سنووری قەیران و ئاماری خۆکوشتن و کوشتنی ژنان، بێکاریی، هەژاریی، بەشوودانی منداڵان، بەرز دەبێتەوە.

لە بەردەوامیی بابەتەکەیدا ڤەژین، ئاماژەی بەوەداوە، کە خوێندنەوەی ڕاستیی قەیرانەکان هەنگاوی سەرەکیی چارەسەری کێشەکانە و نووسیویەتی: گەیشتن بە ئیرادەیەکی ئازاد و ژیانێکی دیموکراتی پێویستی بە تێکۆشانە، یەکێتی و یەکگرتن لە خەبات گرنگە، چونکە لە ئێستادا سیاسەتی سەرکوت و سەپاندنی توندوتیژیی لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگادا لەسەر ژنان بەڕێوەدەچێت، بۆیە پێویستە ژنان لە بەرامبەر وەها دۆخێکدا لەهەموو ئاستەکانی ژیان خەبات و چالاکیی بکەن.

هاوسەرۆکی پژاک نووسیویەتی: کەمپەینەکەی "کژار" هەنگاوێکی گرنگە بۆ گۆڕانکاریی لە دۆخی ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕژێمی خۆسەپێنی ئێران لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە هەوڵیداوە داواکارییەکانی ژنان بێوەڵام بهێڵێتەوە و تێکۆشانەکانیان بێکاریگەر و لاواز بکات، بێگومان بە زیادبوونی فشار و ئاستتەنگییەکان و سەرکوتی دەوڵەتی، ڕۆحی تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادیی بەرزبووەتەوە، ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە هەڵویستی خۆیان لەبەرامبەر سیاسەتەکانی ڕژێم نیشانداوە، نمونەی بەرچاویشی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ـە کە ژنان یەکەم کەسانێک بوون لە بەرامبەر سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران خۆپێشاندانیان کرد، بۆیە بەشداری لەم کەمپەینەدا ئەرکێکە لەسەر شانی هەموو ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هاوکات کەمپەینێکیش لە باکوری کوردستان بەناوی "ئێستا کاتی گۆڕانکاریی و ئازادییە" دەستیپێکردووە، چونکە ژنان زیاتر لە هەر کاتێک لەم سەردەمەدا کە سەردەمی سەرمایەدارییە توندوتیژیی و هەڵئاوسان دەبینن.

لە کۆتایی نووسینەکەیدا زیلان ڤەژین، هاوسەرۆکی پژاک ئاماژەی بە هێرشی تەلەفزیۆنی ک٢٤ داوە بۆسەر بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کەجەکە و نووسیویەتی: ئەم کردەوەیە دەرەوەی بنەماکانی ئەخلاقی کۆمەڵایەتیی و سیاسەتە، هەر کاتێک تێکۆشانی ژنان لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادیی، دیموکراسی و دامەزراندنی ئاشتی پەرەی سەندووە، ئەو هێرشانەش زیادیان کردووە، ئەم هێرشانە نابنە بەربەست لە بەرامبەر تێکۆشانی ژنان، ئەوەندەی زهنییەتی پیاوسالاری خۆی بخاتە ناو کۆمەڵگاوە، تێکۆشانی ئێمەی ژنانیش پێویستە قورستر و بەردەوام بێت.

ناونیشانەکان بۆ بەشداریی لە کەمپەینی "دژی توندوتیژیی یەکبگرین، تێکۆشان بکەین و ئازاد ببین" لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەو شێوەیە:

 

فەیسبووک:

www.facebook.com/Karzarzenan

 

ئنستاگرام:

www.instagram.com/dar_barabar

 

تلگرام:

https://t.me/joinchat/AAAAAE5xZbeMlnfusHBJVw

 @karzare_zanan

 

ش.ف