کارنەکردنی قاچەکانی ڕێگر نەبووە لەوەی ببێتە کارمەندێکی سەرکەوتوو

لە هەڵەبجە ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت کە کارمەندی بانکی خوێنە لە نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی و هەردوو قاچی کار ناکات، ڕۆژانە وەک کارمەندەکانی دیکە سەرکەوتووانە کارەکانی ڕایی دەکات، بەرپرسێکی نەخۆشخانەکەش دەڵێت: ئەو کارمەندە زۆر سەركەوتوانە کارەكانی خۆی جێبەجێدەكات، بۆیە سوپاسی تایبەتمانكردووە. 


شەهێن بورهان ئەحمەد، ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە و لە ساڵی ٢٠٠٠ لە ڕووداوێکدا قاچەکانی بە سەختی برینداربوون و بەوهۆیەوە قاچەکانی توانای ڕۆیشتنی لە دەستداوە و ئیشناکات، مانگی ١١ی ساڵی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی منداڵان دامەزراوە، لە ئێستاشدا لە بانکی خوێنی نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە کارمەندە.

شەهێن بورهان، ساڵی ٢٠١٣ بەشی شیكاریی نەخۆشییەكانی پەیمانگای تەكنیكی هەڵەبجەی تەواوكردوە، ئێستا ڕۆژانە بەهاوكاری ئەندامانی خێزانەکەی دەچێتە دەوام، ڕۆژنیوز لە زاری شەهێن و هاوڕێ و بەپرسانی نەخۆشخانەکەی، شێوازی کاری ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتە دەخاتەڕوو.

شەهێن بورهان، لە بارەی کارەکەیەوە وتی: وەك ئێشگری تاقیگە، لەكاتژمێر ٨:٣٠ خولەكی سەر لەبەیانیەوە دەواممان دەست پێدەكات بۆ کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی بەیانی ڕۆژی دواتر، بەڵام بەهۆی حاڵەتە تایبەتەكەم دەوامەكەم كەمكراوەتەوە بۆ كاتژمێر ١١ی شەو، وتیشی: "حاڵەتەكەم تاڕادەیەک گرفتی بۆ دروستكردووم، لەقۆناغەكانی خوێنددا تاگەیشتووم بەم ڕۆژە، بەڵام گەیشتن بە ئاواتەكانم هۆكارێك بوون زاڵبم بەسەر ئەو گرفت و كۆسپانەدا و ئەمڕۆ وەك كارمەندێكی بەشی تاقیگە لەسەنتەری گواستنەوەی بانكی خوێن دەوام بكەم".

شەهێن داواشی لەو دایك و باوكانە کرد کە منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتیان هەیە، زاڵبن بەسەر كۆسپەكاندا، "داوایان لێدەكەم نەترسن لەوەی كۆمەڵگا چیان پێدەڵێت، منداڵەكانیان بهێننە دەرەوە بیانخەنە بەر خوێندن بۆ ئەوەی بتوانن لەدوا ڕۆژدا خزمەتێك بەخاك و نیشتیمان و كۆمەڵگاكەیان بكەن".

ئەو ژەنە خاوەن پێداویستی تایبەتە باسی لەوەشكرد، کە "لەهەر نەخۆشخانەیەك دەوامم كردوە، نەخۆشەكان كاتێك منیان بینیوە سەریان سوڕماوە، منیش ترساوم لەوەی نەخۆشەكان نەیانەوێت متمانە بەتواناكانم بكەن، بەڵام كاتێك ئیشەكەمیان بینیووە دڵخۆشبوون من بەوشێوازە باشە خزمەتی ئەوان دەكەم".

سەبارەت بەجیاوازیی نێوان ئەو و كارمەندێكی ئاسایی بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانی ڕۆژانەی شەهێن وتی "جیاوازییەكە تەنها ئەوەیە ڕەنگە من بەهۆی حاڵەتە تایبەتەكەمەوە نەتوانم هەندێك شت هەیە بەتەواوی زاڵبم بەسەریدا، ئەگەر نا لەڕووی زانستی پزیشكییەوە هیچ گرفتێكم نیە، تاڕادەیەكی زۆرباشیش هاوشانی كارمەندە ئاساییەكان بەسەركەوتوانە دەوام دەكەم".  

هاوڕێکانی شەهێن باس لە تواناکانی ئەو کارمەندە دەکەن، سومەیا كەمال، یەکێک لە هاوڕێ و هاوپیشەکانی شەهێنە و وتی "شەهێن كارمەندێكی زۆر سەركەوتووە، كەسێكە بەردەوام ورەمان دەداتێ‌ لەكارەكەماندا، توانایەكی باشی هەیە ئیشەكانی خۆی زۆر بەسەركەوتوی ڕۆژانە جێبەجێدەكات، هاوڵاتیانیش زۆر لەكارەكانی ڕازین هیچ كەسێك ناڕەزایی لە بەرامبەر كارەكانی دەرنەبڕیووە".

لای خۆیەوە سنور حامید، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە، سەبارەت بەو كارمەندە ڕاگەیاند "وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە كۆتا جار بڕیاری دامەزراندنی ٢٨٤ كارمەند بۆ نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیای دەرچوو، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لەهەموو دامەزراندنێك پشكی ٥٪ دەدرێت بەخاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، ئێمەش ئەو ڕێژەیەمان بۆ هەموو بەشەكان جێبەجێكرد".

وتیشی: "چەندین جار چاودێری كارەكانی شەهێنمان كردووە، زۆر بەسەركەوتوانە بەبێ‌ كێشە دەتوانێت كارەكانی خۆی جێبەجێبكات، بۆیە سوپاسی تایبەتمانكرد".

باسی لەوەشكرد، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو كارمەندە خاوەن پێداویستی تایبەتە، چەندێك كاتی دەوامی خۆی بەركەوێت بەزیادەوە جێبەجێیدەكات، ئێمەش ڕێز لەماندووبوونەكەی دەگرین، ئەوەشی پێویست بكات بۆمانكردوە و هیچ گرفتێكی بۆ دروست نەكردووین.

ک.س