"کوشتنی ژنان گرێدراوە بە داگیرکارییەوە و کاتێک شەڕ دەبێت ژنان دەبنە قوربانی"

ئەندامانی کەمپینی "دژی داگیرکاری و کوشتنی ژنان بێدەنگی بشکێنە"، ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کوشتنی ژنان گرێدراوە بە داگیرکارییەوە و کاتێک شەڕ دەبێت ژنان زیاتر دەبنە قوربانی، پیشیانوایە دەوڵەتی تورک بە تایبەت کار لە سەر داگیرکاری کلتور و خاکی باشوری کوردستان دەکات.


ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە لە شاری سلێمانی، لە لایەن کۆمەڵیک ژنانی چالاکوان و سیاسییەوە لە دژی داگیرکارییەکان و بە قوربانی بوونی ژنان کەمپینێک لە ژێر دروشمی "دژی داگیرکاری و ژن کوشتن بێدەنگی بشکێنە"، ڕاگەیەندرا، بەشێک لە ئەندامانی کەمپینەکە قسەیان بۆ ڕۆژنیوز کرد.

بەوتەی بەرپرسانی کەمپینەکە ئامانجی سەرەکی کەمپینەکەیان بریتییە لە هەڵوێست وەرگرتنی ڕۆشنبیر، ڕاگەیاندنكار، هونەرمەند، نیشتمانپەروەر و هەموو خەڵکێکی ئازادیخواز و دیموكراتخواز لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان، کە لە سەر پرسی داگیركاری و کوشتنی ژنان بێنە دەنگ و پێیانوایە ئەو دوو پرسە گرێدراوی یەکترن و ئەگەر داگیرکاری نەمێنیت ئەوا کوشتنی ژنان-یش نامێنێت.

ویژدان نوورەدین، مامۆستا و یەکێک لە ئەندامانی کەمپینەکە ئاماژەی بەوەدا کە بە هۆی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ئێستای باشوردا ڕوویداوە داگیرکاری مەودایەکی فراوانی گرتووەتەوە، هەر چەندە مێژووی داگیرکاری کۆنە و ڕۆژانە زیاتر پەلدەهاوێژێت، کە بەو هۆیەشەوە خەڵکێکی زۆر شەهیدبووە و ژینگەش تووشی کاولکاریی بووە و حاڵەتێکی دەروونی و هەستیار لە ناوچەکە دروست بووە کە وادەکات باشور بەرەو دۆخێکی ناهەموار بچێت.

ئاماژەی بە پرۆسەی ئازادی عێراقیش کرد کە ڕۆشنبیرەکان لەوکاتەدا خەڵکیان هاندەدا تا بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و ئاوەدانکردنەوەی شوێنەکانیان، بەڵام ئێستا هاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە و بەشێک لە گوندەکان تووشی چۆڵکردن بوون، بۆیە ئەمە خاڵێکە کە ئێمە دەبێت گرنگی پێبدەین و دەبێت بە چالاکی و هەڵمەتی دیموکراتیانە فشار لە سەر لایەنە بەهێزەکان بکەین و سەردانی ئەو شوێنانە بکەین و پشتگیری خۆمانیان بۆ دەرببڕین.

ئەو مامۆستا و ئەندامی کەمپینە، ئەوەشیخستەڕوو کە "کوشتنی ژنان گرێدراوە بە داگیرکارییەوە و کاتێک شەڕ دەبێت ژنان زیاتر دەبنە قوربانی".

هاوکات سازە عەبدوڵا، هەلسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێک لە ئەندامانی کەمپینەکە، سەبارەت بەهەمان پرس قسەی کرد و هێمای بۆ ئەوەکرد کە "کۆمەڵگای ئێمە بەرەو تێکەڵاوبوون لەگەڵ کلتوری بێگانە هەنگاوی ناوە، کە ئەمەش بەهۆی دراما بیانییەکانەوە هاتووەتە ناو ژیانمانەوە و بە زەقی هەستیپێدەکرێت، کێشەیەکی زۆری ناوەتەوە و کۆمەڵگای کوردی بەرەو دواوەوە بردووە و کاریگەرییەکی زۆری لە سەر خەڵک داناوە، بۆیە پێویستە ئەم کاریگەرییانە کەم بکەینەوە چونکە نەوەی نوێ لە شێوازی قسەکردن و هەڵسووکەوتیان زۆر گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، هەموو ئەم هۆکارانە سەلمێنەری ئەوەیە کە جگە لە هێرشی سەربازی هێرشی کلتوری زۆرمان لە سەرە و داگیرکەران بە تایبەت کار لە سەری دەکەن و ئەگەر ڕێگر نەبین دەتوانن بە ئاسانی کۆمەڵگاکەمان تێکبشکێنن".

یەکێکی دیکە لە ئەندامانی کەمپینەکە نیشتمان ئیبراهیم-ە و لەسەر ئامانجی کەمپینەکەیان وتی: ئەم کەمپینە ئامانجی سەرەکی کارکردنە لە سەر پرسی ژنان، بەتایبەت ئەو کەیسانەی کە هێشتا هەر وا ماونەتەوە و کارێکی ئەوتۆیان لە سەر نەکراوە و زۆرێک لە کێشەکان بەشێوەی عەشایەری چارەسەر کراون کە وا دەکات تاوانباران سزا نەدرێن، هەروەها لایەنێکی دیکەی کێشەکان خودی پیاوانن، بەڵام دەخرێتە ئەستۆی ژن و ژنەکە بە بکەر دادەنرێت، بۆیە کلتور وایکردووە کە ژنان ئەگەر خۆیان نەکوژن ناچاریان دەکەن خۆیان بکوژن.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی وت کە "ئێمە لە چوارچێوەی هەموو ئەمانە و بواری یاسا دەبێت کاربکەین، کە یاسا ئەرکی خۆی بەجێ بهینێت دوور لە دەستتێوەردانی لایەنە سیاسییەکان، چونکە یاسا هەم دین و هەم سیاسەتی حزبەکان زاڵە بەسەریدا، هاوکات ئەگەر داگیرکاری و تۆپبارانەکانی سەر سنوورەکان نەمێنێت ئەوا بە قوربانی بوونی ژنان و منداڵانیش نامێنێت و کێشە کۆمەڵایەتییەکانیش چارەسەردەبن، چونکە ژنان بە دەرنین لەو داگیرکارییانە و دوژمن لە هەر پێشڕەوییەک کە دەیکات زیان بە ژنان دەگەیەنرێت.

ک.س