"کوشتن و خۆکوشتنی ژنان دەرهاویشتەی زهنیەتی دەسەڵاتە"

ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان لە مەترسیدارترین ئاستدایە و هۆکارەکەشی بۆ زهنیەتی دەسەڵاتی باشور دەگەڕێندرێتەوە و دەوترێت، ژنان ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن، بەپێویستیش دەزاندرێت، کە لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی، ژانن ڕوو بکەنە ئەو شوێنەی دەتوانێت هاوکارییان بکات.


بەپێی توێژینەوەیەکی، ئاری ڕه‌فیق، مامۆستای زانكۆی سەلاحەدین، کە لە ڕۆژی ٢٥ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لە دووەم ڕۆژی کۆڕبەندی کۆمەڵایەتیی کوردستان لە زانكۆی سلێمانی ئەنجامەکەی خستەڕوو، ساڵانه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان زیاتر له‌ ٥٠ ژن خۆیان ده‌کوژن، ١٧٠ ژنیش خۆیان ده‌سوتێنن، ئەمە جگە لە کوشتنی ژنان، کە لە توێژینەوەکەدا ئاماژەی پێنەکراوە.

چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی ژنان و پارێزەران، سەبارەت بە هۆکارەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان و چارەسەرییەکان سەرنجی خۆیان بۆ ڕۆژنیوز دەخەنەڕوو.

هانا شوان، تیشکی خستە سەر هۆکارەکانی زیادبوونی کوشتنی ژنان و هۆکاری سەرەکیی گەڕاندەوە بۆ  دەستگیرنەکردنی بکوژ و پێیوایە، کە بەدواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ ئەو ڕووداوانە لە هەلومەرجێکی زۆر هەژارانەدایە.

ناوبراو، پێشیوایە، کە زهنیەتی دەسەڵاتی باشور پێی وایە ژن پێویستی بە شێوازەکانی ژیان نییە و ئەوەی هەیە بەسە، هەر ئەمانەشە وایکردووە حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان زیاتر و زیاتر ببێت، وتیشی: دەرهاویشتەی ئەم زهنیەتە (مێنتاڵیتە) بە سەر هەموو کۆمەڵگادا باڵی کێشاوە، حزبەکان کەناڵیان هەیە و ڕاگەیاندنەکان تەنیا شتێکن، کە بەبێ مۆڵەت دەچنە ناوماڵەکانەوە و چیان بوێت دەیگەیەننە ماڵەکان.

هانا شوان، ڕەخنەی لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکانی پۆلیس گرت و وتی: لە زۆربەی هەواڵەکاندا کە پشت بە لێدوانی پۆلیس دەبەسترێت، دەوترێت ژنێک خۆی کوشت یان خۆی خنکاند، بەڵام بە ئەگەری لە ١%یش دانانرێت کە ئەو کەسە کوژرابێت، بۆیە ڕاگەیاندنەکانیش لە زاری ئەوەوە بە ناو کۆمەڵگادا بڵاوی دەکەنەوە و بە ئاسانترین شێوە فایلی ئەو کەسە دادەخرێت، ئەو کەسە خۆی کوشت و تەواو.

شنۆ لەتیف، ئەندامی ڕێکخراوی یەکێتی ژنان، پێیوایە، کە دەبێت ژنان خۆیان ئەو هۆشیارییەیان هەبێت، کە کاتێک توندوتیژییەک بەرامبەریان دەکرێت ڕوو بکەنە ئەو شوێنەی دەتوانێت هاوکارییان بکات، نەک پەنا بۆ خۆکوشتن ببەن، بە ئەرکی ڕێکخراوەکانیشی زانیی، کە بە هاوبەشیی کار بۆ ژنان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان بکەن.

پارێزەرێک-یش بەناوی ئەشواق نەجیب، پێیوایە، کە ژنان دۆخێکی وایان بۆ دروست دەکرێت ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن، هیج ژنێک ناتوانێت لە دۆخێکی ئاساییدا خۆی بکوژێت، یانیش دەیکوژن و کوشتنەکەی دەشارنەوە.

ئەو پارێزەرە باسی لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ دۆسیەی ژناندا کرد بەپێی یاسا و وتی: بەپێی ماددەی ٤٠٨ لە یاسای سزادانی عێراقی، ھەرکەسێک بکوژرێت یاخود ناچاری خۆکوشن و خۆسوتاندن بکرێت ئەوا کەسەکانی خێزانەکەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و ھەرکەسێک بەم تاوانە دەستگیربکرێت حوکمەکەی لە ٧ ساڵ زیاتر نابێت، ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر کەسێک سکاڵا تۆماربکات، بەڵام سکاڵا تۆمارنەکرا ئەوا ھیج کەسێک سزا نادرێت و کەیسەکە دادەخرێت.

ئەشواق نەجیب، وتیشی:"لە کۆمەڵگای ئێمەدا پیاوێک دەکوژرێت جیاوازتر سەیردەکرێت و وامامەڵەدەکەن کە مرۆڤێک کوژراوە، بەڵام کە ژنێک دەکوژرێت کەسوکاری ژنەکە پەردەپۆشی دەکەن بە ناوی شەرەفەوە و کوشتنی کەسەکە بیردەچێتەوە".

ئەشواق نەجیب، بە پێویستی دەزانێت، کە تاک بە تاکی کۆمەڵگە هۆشیار بکرێنەوە،  کە لە ئاست کوشتنی ژن بێدەنگ نەبن و ڕێگربن لەو دیاردەیە.

ش.ف