کچێکی ١٣ ساڵ کوژرا

لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ بە فیشەک کوژرا.


بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین، شەوی ڕابردوو، تەرمی کچێکی تەمەن ۱۳ ساڵ بەناوی (هـ.د) پیشەی خوێندکار دانیشتوی گوندی قەمتەرانی سەر شارەدێی چوارقوڕنەی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، براوەتە نەخۆشخانەی گشتیی ڕانیە، کە شوێنەواری یەک فیشەک بەسەر جەستەیەوە بووە.

ئەوەش هاتووە: تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەریی ڕانیە و دوای ئەنجامدانی توێکاریی، ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە.

پۆلیس لە زاری خۆیەوە ئاماژەی بە هۆکاری کوژرانی ئەو کچە نەکردووە، بەڵکو پشتی بە قسەی کەسوکارەکەی بەستووە، گوایە"ڕووداوەکە لە کاتێکدا بووە، کە براکەی بەناوی(م،د) تەمەن ۱۰ ساڵ لە ماڵی خۆیان دەستکاریی چەکی جۆری EM4 ی کردووە و لەوکاتەشدا فیشەکێک لە چەکەکە دەرچووە و بەر خوشکەکەی کەوتووە و بەم هۆیەوە گیانی لە دەستداوە".

پۆلیسی ڕاپەڕین، ڕاشیگەیاندووە: مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە کرایەوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

ش.ف