کچێک لەکاتی خەتەنەدا گیانی لەدەستدا

لە کاتی خەتەنەکردندا بە نەشتەرگەرییەکی نایاسایی، لە پارێزگای ئەسیوەتی میسر کچێک گیانی لەدەستدا.


بە گوێرەی ئاژانسە عەرەبییەکان کە ئەمڕۆ بڵاویان کردووەتەوە، لە پارێزگای ئەسیوەتی وڵاتی میسر، کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ لە کاتی نەشتەرگەری خەتەنەدا گیانی لەدەستداوە.

ئەو کچە کە ناوی "ندا" و خەڵکی گوندی 'حەواکتە' لە پارێزگای ئەسیوەت بووە، لەلایەن پزیشکێکی پسپۆڕی بواری ژنانەوە لە نەخۆشخانە نەشتەرگەریی خەتەنەی بۆ کراوە و بەهۆی شۆکی عەسەبەوە لە کاتی نەشتەرگەرییەکە گیانی لەدەستداوە.

دوای ڕووداوەکە و تۆمارکردنی سکاڵا لە ڕێکخراوی پاراستنی منداڵان، لەلایەن دانیشتوانی گوندەکەوە کە لە ڕووداوەکە تووڕە بوون، دەزگای دادی میسر دوای وەرگرتنی ڕاپۆرتی پزیشکی داد، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ باوکی کچەکە و پزیشکەکەی دەرکردووە.

د. مایا مورسی سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی ژنانی میسر لە ڕاگەیندراوێکدا داوایکردووە بۆ بکەرانی ئەم تاوانە دژی ئەو منداڵە، بەرزترین سزا پەسەند بکرێت.

جێگای ئاماژەیە، خەتەنە لە یاسای میسردا لەم ساڵانەی دواییدا قەدەغە کراوە و ئەنجامدەرانی سزا دەدرێن، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هێشتا بەپێی سونەت ئەمکارە بە شێوەی نایاسایی ئەنجام دەدرێت.

خەتەنەکردنی کچانی منداڵ تا ئێستاش لە چەندین وڵاتی ئیسلامیی لە جیهاندا پەیڕەودەکرێت، لە هەرێمی کوردستانیش بەشێکی کەم لە خێزانەکان تا ئێستاش خەتەنەی کچان دەکەن، ئەمانەش دوای هۆشداریدانی دەیان پزیشک و ڕێکخراوی مافەکانی ژن و منداڵ لە جیهاندا، کە لێکەوتەکانی خەتەنەکردن ترسناکە و چەندین کاریگەریی نەرێنی هەیە، تا دەگاتە لەدەستدانی ژیان.

س.ح