کژار: مریم قازی میراتگری کۆماری کوردستان بوو

بۆ کۆچی دوایی مریەم قازیی، کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار پەیامێکی سەرەخۆشیی بڵاکردەوە، تێیدا رایگەیاندووە: مریەم قازی میراتگری کۆماری کوردستان لە مەهاباد بوو، و کۆچی دوایی کۆستێکی گەورەیە.


بە بۆنەوە کۆچی دوایی مریەم قازی کچی مینا قازی، کچە بچووکی پێشەواز قازی مەحمەد، ئەمڕۆ کۆمەڵگای ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار پەیامێکی سەرەخۆشیی ئاراستەی خانەوادی قازی و کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

لە پەیامەکەدا هاتووە: سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی گەلی کورد و بەتایبەت بنەماڵەی سەربەرزیان دەکەین، بێگومان لە دەستدانی کەسایەتیی وەکو مریەم قازی کۆستێکی گەورەیە بۆ گەلی کورد و بەتایبەتی ژنی کورد کە میراتگری کۆماری کورستان و هەر وەها خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

هەروەها هاتووە:"دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەرگایەک بوو بۆ نزیک کردنەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەت ڕۆڵ و پێگەی ژنان بە پێشەنگایەتی مینا قازی لە کۆماری کوردستان و پەروەردە کردن و پێگەیاندنی ژنان خاوەن گرینگییەکی مێژووییە، لە ئێستا دا خەبات و تێکۆشانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان میراتی ئەوانە و ئێمەش هەتا گەیشتن بە خەون و ئاواتەکانیان کە کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسانە لە خەبات و تێکۆشان ناوەستین و ئاستی تێکۆشانمان بڵندتر و ڕێگایان بەردەوام دەکەین".

س.ح