کژار و هەمبەستەگی: تێکۆشانمان بۆ ڕیشەکێشکردنی کێشەی ژنانە

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار، و کۆمیتەی ژنانی حیزبی هەمبەستەگیی ئەفغانستان، لەسەر کێشەکانی ژنان و خەبات بۆ لابردنی کێشەکان، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە و ڕایانگەیاندوە کە، "تێکۆشانمان لەسەر بنەمای ڕیشەکێشکردنی کێشەکانی ژنانە".


ئەمڕۆ کۆمیتەی ژنانی حیزبی هەمبەستەگەی کە حیزبێکی وڵاتی ئەفغانستانە، لەگەڵ کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەلاتی کوردستان- کژار، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

لە سەرەتادا ئاماژەیان بە زیهنییەتی دژە ژن و پیاوسالاری هەزاران ساڵە کردووە، کە "بەردەوامە و ستوونەکانی خۆی لەسەر مشەخۆری لەسەر ژنان و بە کۆیلەکردنیان داناوە،  تا بەو شێوەیە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر کۆمەڵگاوە زیاتر بسەپینن".

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕەواییدان بە بەکارهێنانی زۆر و توندوتیژی لەناو ئێڵ و عەشیرەتەکان لە ڕێگەی سیستمی پیاوسالارییەوە لەلایەن دەوڵەت بەڕێوە دەچێت، لە سیستمی دەوڵەتدا نەک تەنیا مافەکانی ژنان، مافی هەموو مرۆڤەکان پێشل دەکرێت، تا کۆمەڵگایەکی مەڕئاسا دروست بێت و ئاسانتر دەستی بەسەرا بگیرێت.

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ڕیشەداربوونی فەرهەنگ و مێژوو، ڕۆڵی دابونەریت و دین زیاترە و پیاوە ئایینییەکان و دەوڵەتداران بۆ پاراستنی هەبوونی خۆیان دین و ئاین دەکەنە ئامرازێک بۆ پەرەدان بە دەسەڵات و زۆرداریی و ژنان یەکەم قوربانی ئەم تێڕوانینەن، ئەگەر بڕوانینە دۆخی ژنان لە وڵاتانی؛ عێراق، تورکیا، ئێران، پاکستان و ئەفغانستان، دەبینین کە چۆن ڕۆژانە کەرامەت و پێگەی مرۆڤییان پێشل دەکرێت و کوشتن، بەردبارانکردن و دەستدرێژی لەسەر ژنان ڕەوایی پێدەدرێت، بنچینەی زیهنیەتی پیاوسالاری لە هەموو سیستمە دەوڵەتییەکان وەک یەکە و تەنیا لە دیمەن و شێوازی توندوتیژیی جیاوازن.

هەروەها هاتوو: لە ئەفغانستان وەک وڵاتانی دیکە لە ناوچەکە سەدان ساڵە ژنان لەژێر زۆڵمی کۆمەڵگای پیاوسالار و دژە ژن چەوساونەتەوە، بەڵام ئەو توندوتیژییە، لە ماوەی ٤٠ ساڵ شەڕ وتوندوتیژیدا دیمەنێکی وەحشیانەتری بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەت دوای بە دەسەڵات گەیشتنی بناژۆخوازە جیهادییەکان و دوای ئەوانیش تاڵیبان، دوای ٢٠٠١ـیش ئیمپریاڵیزمی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان دروشمی "ڕزگاری ژنانی ئەفغانستان"یان کردە بەهانەیەک بۆ داگیرکردنی ئەو وڵاتە، بەڵام لە کردەوەدا دژەژن ترین و کۆنەپەرەست ترین کەسانیان هێنایە سەر کار و دەستیان ئاوەڵا کرد بۆ تاوان و توندوتیژی دژی ژنان، ئەمڕۆ زۆربەی توندوتیژییەکانی دژی ژنان لەلایەن فەرماندە جیهادییەکان و ئەو هێزانەی لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن ئەنجام دەدرێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوە هاوبەشەکەی کژار و هەمبەستەگیدا هاتووە: یەکێک لەو کارەساتانەی بە بێدەنگی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوودەدات، کوشتن لەژێر ناوی شەرەفە، کە بەرهەمی سەروشکی و توندوتیژیی هەڵقوڵاوی زیهنییەتی پیاوسالار و کۆنەپەرەستییە، تا ئەو کاتەی شۆناسی ژن لە کۆمەڵگا بەفەرمی دانی پێنەنرێت و لە پێگەی نامووس و غیرەتی پیاوان نەیەتە دەرەوە، ئەم تراژیدیایە کۆتایی پێنایەت.

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: یەکێک لە ڕێکارەکانی ڕیشەکێشکردنی ژن کوشتنەکان لەژێر ناوی نامووس، تێکۆشان دژی هاوسەرگیریی زۆرەملیێ، تێڕوانینی داخراو و باوەڕە کۆنەکانە کە لە ناخی کۆمەڵگا هێلانەی کردووە، هەژاریی ئابووری وکلتوری لەو ناوچانەی ئەو دیاردەیە زیاتر تێدا ڕوودەدات، یەکێک لە هۆکارەکانی توندوتێژییە، یەکێک دیکە لە ڕێکارەکان چاکسازیی و هەموارکردنی یاسا و سزای بکوژەکانە، لە لایەکی دیکەوە پەروەردەکردنی ژنان یەکێک لەو چالاکییانەیە کە لەسەر ئاگاداربوونەوەی ژنان و کاردانەوەیان دژی توندوتیژی، ڕێکارێکی کاریگەرە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێمە وەک کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار، و کۆمیتەی ژنانی حیزبی هەمبەستەگی‌ی ئەفغانستان، لە بەرامبەر هەر چەشنە کوشتنی ژنان و مافەکانیان، بە هەڵوێستی ڕوون لە چوارچێوەی ئیرادە وبیری ئازاد تێکۆشان و بەرخۆدان دەکەین و بنەما و هەموو تێکۆشان و چالاکییەکانمان لەسەر بنەمای ڕیشەکێش کردنی کێشەکانی ژنانە، هەموو هەڵوێستە دژە ژنەکان، بنەمای خۆی لە دەسەڵاتی گروپە بناژۆخوازە ئیسلامییەکان و هێزە ئیمپرالیستییەکان و زیهنییەتی پیاوسالاری دەوڵەتی وەردەگرێت، بۆیە پێویستە بنەمای چالاکیی و تێکۆشانی ڕێکخراوەکانی ژنان گۆڕینی ئەم زیهنییەتە دژە مرۆڤی و دژە کۆمەڵگایە بێت تا هەرگیز کوشتن و مردنی هیچ ژنێک بەهۆی گومانکردن و هەژاری کلتوری نەبینین، بێدەنگی و کاردانەوە نیشان نەدان لە بەرامبەر وەحشییەتی بناژۆخوازەکان و نۆکەرانی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و سیستمی پیاوسالاری بە واتای توندبوون و بەردەوامی توندوتیژی و سەرکوتکردنە و ئەمە ڕاسپاردە و ئەرکی هەموو ژنانە، کە لە بەرامبەر هەر چەشنە دواکەوتوویی و کۆنەپارێزی بوەستنەوە و کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتی، ئازادی خۆیان و هەموو تاکێکی کۆمەڵگا گەرەنتی بکەن.

س.ح