کژار کەمپەینی "دژی توندوتیژی یەکبگرن"ی دەستپێکرد

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار، دەستی بە کەمپەینێک دژی توندوتیژی کردووە لەژێر ناوی "دژی توندوتیژی یەکبگرن، تێبکۆشن و ئازاد ببن"، بانگیشی لە هەموو ژنانی ئێران کردووە بەشداری کەمپەینەکەبن.


ئەمڕۆ کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار، لەسەر ماڵپەڕەکەی خۆی بە ڕاگەیەندراوێک دەستپێکردنی کەمپەینی "دژی توندوتیژی یەکبگرن، تێبکۆشن و ئازاد ببن"، ڕاگەیاندووە و ئامانجەکانی لەو کەمپەینە ئاشکرا کردووە.

لە دەستپێکی راگەیەندراوەکەی کژار هاتووە: لە سەدەی ٢١ـدا، مرۆڤایەتی، ژینگە، کۆمەڵگا، کلتور و ئەخلاق لە دۆخێکی خراپ دایە و لەناو چەپۆکی کاپیتالیزمدا خەریکە لەناو دەچێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە ناوەندی ئەم کۆمەڵکوژییە و ژنان یەکەم قورابانیان و ئامرازی سیاسەتەکانی کاپیتالیزمن، بەڵام سەرەڕای ئەمانە زیاتر لە هەر توێژێکی دیکە لە دژی ئەم زیهنییەتە بەرخۆدانیان کردووە.

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەوڵەت-نەتەوەی نەتەوەپەرەستی مەزهەبی ئێران پێچەوانەی بنەمای ئیسلامێک کە بانگەشەی بۆ دەکات دەجوڵێتەوە، لە ڕاستیدا بنەمای هەبوونی حکومەتەکانی ئێران لەم سەدانەی دواییدا، لەسەر ڕەگەزپەرەستی، دین گەرایی و نەژادپەرەستی بووە، هەوڵیان داوە ئەو زیهنییەتەش بەسەر کۆمەڵگەکانی ئێران بسەپێنن، ڕژێمی خۆسەپێنی دەسەڵاتداری ئێران هەموو بازنە و ئاستە کۆمەڵایەتییەکانی لەسەر بنەمای پیاوسالاری داڕشتووە و بەڕێوەی دەبات، بەو شێوەیەش هەموو دەستکەوت و بەها مەعنەویەکان کە کۆمەڵگا لەسەری ڕێکخراوە دەکاتە ئامانج.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی کژار-دا هاتووە: ڕژێمی خۆسەپێنی ئێران زیهنییەت و هەیکەلی ڕەگەزپەرەستانەی خۆی بەسەر هەموو بازنەکانی ژیاندا سەپاندووە و جێگە و هەبوونی ژنان لە ئاستی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، ماف، پەروەردە و هونەر لەبەر چاو ناگرێت و بە زانابوون پێش بە بەشداریی چالاکی ژنان دەگرێت و بە شێوەیەکی ئاشکرا مافی ژنان کە نیوەیەکی هەیکەلی کۆمەڵگەن پێشل دەکات، لە دژی وەها زیهنییەتێکدا ڕێکخستنکردن و دامەزراندنی بەرە هاوبەشە دیموکراتییەکان بۆ ژنان گرنگییەکی ژیانیی هەیە.

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەیدا کژار ئاماژەی بە دەستپیکردنی کەمپەینەکەی کردووە و ڕایگەیاندووە: کژار دەستیکردووە بە دامەزراندنی دەستپێشخەرییەک بە دروشمی "لەدژی توندوتیژی یەکبگرین، تێبکۆشین و ئازاد بین"، ئەم کەمپەینە لە پێناو یەکێتی بیر و توانای فەرهەنگی، زیهنی و ڕۆحی ژنان و هەموو کۆمەڵگا لە بەرامبەر هەر چەشنە هێرش، دەستدرێژی و داگیرکارییەک لە ئاستەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، ژینگەیی، پەروەردەیی و سەرمایەدارییە.

لە کۆتاییشدا کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار، بانگەوازییەکی کردووە و هاتووە: بانگی هەموو ژنانی ئێرانی لەوانە؛ فارس، کورد، لوڕ، عەرەب، بەلوچ، تورکمان، مازەنی، گیلەک و ئازەری دەکەین بۆ لەناوبردن و کۆتاییهێنان بە ئەم زیهنییەت و هەیکەلە دژە ژنە، هەستنە سەرپێی و بەرگری لە شوناس و هەبوونی خۆیان بکەن و بۆ یەکێتی و یەکدەنگی هەرچی زیاتر بەشداری ئەم کەمپەینە بن، تێگەیشتن لەم بابەتە زۆر گرنگە کە بۆ چارەسەری نایەکسانییەکان و دەردە هاوبەشەکانی ژنان، ڕێکخستن و بەدیهێنانی بەرەی هاوبەش و هاوتەریب، هەنگاوی یەکەمە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، زەمینەی بەدیهاتنی ئەم کارە، ئەوەیە کە هەموو ژنێک بیر و هزری خۆی ئازاد بکات و دوایی دەست بە دیموکراتیزەکردنی هەموو کۆمەڵگا بکات، چونکە ئازادی کۆمەڵگا پەیوەستە بە ئازادیی ژنانی ئەو کۆمەڵگەیەوە.

س.ح