کۆدار: ژن لە تێکۆشاندا هیچ لە دەستنادات و دەستکەوت بەدەستدەهێنێت

کۆدار سەرنجی ڕاکێشایەسەر کردەوەکانی ڕژێمى ئێران لە دژی ژنان و ڕایگەیاند، ڕژێمی ئێران لە پێشەنگایەیى ژنان دەترسێت و بۆ ئەوەش هێرشی تایبەت دەکاتە سەر ژنان، کۆدار سڵاوی لە پێشەنگایەتیى ژنانى کورد لە تێکۆشانی ئازادیى ژنان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کرد.


هاوسەرۆکایەتیى کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتى کوردستان- کۆدار، بە بۆنەى ٢٥ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە.

کۆدار رایگەیاندووە، لە کەسایەتیى هەر سێ خوشکی میرابێل دا بە رێزەوە یادی هەموو ئەو ژنانە دەکەینەوە، کە لە تێکۆشاندا لە دژی زوڵم و زۆرداری و زهنییەتی پیاو، ژیانیان لە دەستداوە.

کۆدار راشیگەیاندووە، تێکۆشانی ژنان بە پێشەنگایەتیى ژنانى کورد گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و "لە رووی زانستییەوە رێبەر ئاپۆ ژنۆلۆژیى پێشکەشی هەموو ژنانى جیهان کردووە، بە خەبات و پێداگریى رێبەر ئاپۆ ژنانى کورد ئەمڕۆ خاوەنی ئایدۆلۆژی، رێکخستن و سیستمى بەرگری و خۆپاراستنن، هەزاران سیمبول و قارەمانی ژنی فیدایى کورد وەک زیلان، بێریتان، ڤیان، شیرین عەلەم هولی، ئارین میرکان و زیلان سەردەشت لە دژی زوڵم، زۆرداری، ناحەقی و کۆیلایەتى سەپێندراو بەسەر ژناندا خۆیان کردە ئاگر و بۆمب و رێگایان بە ڕووی ژیانێکى ئازاد دا کردەوە".

لە راگەیەندراوەکەى کۆدار ئەوەش هاتووە، ئاستى تێکۆشانی ژنان بە چ رادەیەک بەرز بێت بەو رادەیەش پلان و هێرشی زایەندپارێزەکان لە دژی ژنان قورس و بێسنوور دەبێت.

"کردەوە توندەکانى ڕژێمى ئێران لە دژی ژنان"

کۆدار لە راگەیاندراوەکەیدا باسی ئەوەشیکردووە، دەوڵەتى فاشیستیی ئێران کردارەکانى خۆی گەیاندووەتە بەرزترین ئاستى دژواری لە دژی ژنان و کۆمەڵگا، رۆژ نییە لە وڵاتى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان ژنان خۆیان نەکوژن، رژێمى ئێران بۆ ئەوەى ژنان لە بەرامبەر ژیان و پێشەرۆژدا بێ ئومێد بکات، هاوسەرگیریى لە تەمەنی منداڵیدا کردووەتە یاسا، هاوکات ژن کاتێک لە دژی پەلاماردان و دەستدرێژی خۆی دەپارێزێت، تاوانبار دەکرێت و لە سێدارە دەدرێت، لەمدواییانەدا و تەنها چەند رۆژ بەرلە ٢٥ی نۆڤەمبەر دەوڵەتى ئێران یاسایەکى دەرکرد و رایگەیاند، ژن بە بێ هاوسەر، باوک و برای خۆی ناتوانێت گەشت بکات، دەوڵەتى ئێران دەیەوێت ژنان بە تەواوی لە ناو ماڵەکاندا بکاتە کۆیلە و لە ماڵدا زیندانیان بکات".

"پێشەنگایەتیى ژنان ڕژێمى ترساندووە"

لە بەردەوامیى راگەیاندراوەکەى کۆداردا ئاماژە بە سەرهەڵدان و خۆپیشاندانەکانى ئەمدواییەى ٢٠١٧ لە دژی رژێمى فاشیست و زایەندپەرستى ئێران کراوە و تیادا هاتووە، خاڵی زۆر سەرنجڕاکێشی ئەو خۆپیشاندانانە پێشەنگایەتى و ئازایەتیى ژنان بوو.

کۆدار ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو تێکۆشانەى ئازادیى ژنان دەوڵەتی ترساندووە و دەوڵەتى ترساوى ئێرانیش بۆ ئەوەى پێش لە  بزاوت و خۆپیشاندانی ژنان بگرێت دەیان ژنى دەستگیرکرد و بە سیناریۆی بێ بنەما لەسێدارەى دان و لە هەموو هێرشە جۆراوجۆرەکانیدا ژنانى کردە ئامانج.

"ژن نەک هیچ لە دەست نادات، بەڵکو دەستکەوتیش بە دەست دەهێنێت"

 لە راگەیاندراوەکەى کۆداردا ئەوەش خراوەتەڕوو، هیچ شتێک ناتوانێت بەر بە رۆح و ئیرادەى ئازادیی بگرێت و ئەوەشیان خستووەتەڕوو "لە تێکۆشانى ژناندا، ژن هیچ لە دەست نادات، بەڵکو بە پێچەوانەوە قازانج دەکات و دەستکەوت بەدەست دەهێنێت، بێبەشبوون لە تێکۆشان بۆ ژنان، بە مانای کۆیلەتى و لەناوبردنە".

لە کۆتایى راگەیاندراوەکەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتى کوردستان- کۆدار، بە ناوی کۆدارەوە سڵاو لە پێشەنگایەتیى ژنانى کورد لە تێکۆشانی ئازادیى ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا کراوە و رایانگەیاندووە "ئێمە لەو بڕوایەداین تاوەکو ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگا ئازاد و دیموکراتیک نابێت، ئێمە پشتیوانى لە هەموو بزووتنەوەکانى ژنان دەکەین، کە بۆ ئازادی تێدەکۆشن، هاوکات بەڵێنى بەرزکردنەوە و بەرێکخستنکردنی تێکۆشانى ئازادیى ژنان دەدەین".


ک.ک